سبەی  لەناوەندەکانی خوێندنی سۆران پشووی فەرمییە

بەهۆی نا لەباری کەشوهەوا و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران لە تەواوی ناوەندی خوێندن پشووی فەرمی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، دوای ڕاوێژ لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قایمقامەکان و وەرگرتنی دواین ڕاپۆرتی کەشناسی لەسەر هاتنی شەپۆڵێکی بەفر و بارانی سەرتاسەری لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر، بۆ سەلامەتی گیانی پەروەردەکاران و قوتابیانی ئازیز، بەهۆی نالەباری کەش و هەوا و ئەگەری دروست بوونی شەختە بەتایبەت لە بەشێکی سنورەکەمان بڕیارماندا بە، پشووی فەرمی لە سەرجەم قوتابخانەکانی(حکوومی و ناحکوومی) و پەیمانگەکانی سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان بۆ سبەی چوارشەممە 14ـی کانوونی دووەمی 2026.

ئەم ڕاگەیەندراوەی پەروەردەی سۆران لە کاتێکدایە، پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی چڕی بەفر و باران ناوچە هەرێمی کوردستان بە گشتی بگرێتەوە، پێشبینیش دەکرێت لە ناوچە شاخاوییەکان بەفرێکی زۆر ببارێت و ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ هاووڵاتییان و قوتابییانیش دروست بێت، سەرباری ئەوەی مەترسی لەسەر هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و هاووڵاتییانیش هەیە لەکاتێکدا ناوچەکە جگە لە بەفری زۆر، بە ئەگەری زۆرەوە شەقامەکان دەبنە شەختە، سۆرانیش کە کەوتووەتە ناوچەیەکی شاخاوی، لە وەرزی زستاندا بەفر و بارانی زۆری لێ دەبارێت و پلەکانی گەرما تێیدا بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن.