هەسەدە: ڕژێمی سووریا دامەزراوە ستراتیژییەکان دەکاتە ئامانج
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند؛ هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا ناوچە مەدەنییەکان و دامەزراوە ستراتیژییەکانیان بەئامانج گرتووە و ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و ژیانی هاووڵاتیان دروست دەکات.
هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند، هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا بە بەکارهێنانی "درۆنی و زرێپۆش"، دەوروبەری بەنداوی "تشرین و گوندی ئوم مورا"یان لە باشووری دێرحافر کردووەتە ئامانج.
سەرچاوەیەک بە ئاژانسی هەواڵی سانای ڕاگەیاندووە سوپای عەرەبی سووریا تەنیا وەڵامی هێرشەکانەی هەسەدەی داوەتەوە.
عەزام غەریب پارێزگاری حەلەب، ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەبی وەک "ناوچەی سوور و ناوچەی سەربازیی داخراو" ڕاگەیاندووە. چاودێران ئەم بڕیارەی سوپای عەرەبی سووریا وەک هەوڵێک بۆ ئاوارەکردنی دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکە و زیادکردنی ئابلۆقەی سەربازی لە دژی هێزەکانی هەسەدە ناوچەکە لێکدەدەنەوە، نەک پاراستنی هاووڵاتیان.
ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە دێت هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا چەندین جار ڕێککەوتنەکانی پێشووی گەیشتن بە ئارامییان پێشێل کردووە. هەسەدە هۆشداری دەدات، ئەم جۆرە هێرشانە و گەمارۆدانی ناوچەکان بە ناوی "ناوچەی سەربازی"، تەنیا دۆخەکە بەرەو تەقینەوە دەبات و خزمەت بە ئامانجە تیرۆریستییەکان دەکات کە دەیانەوێت سوود لە ناسەقامگیریی ناوچەکە وەربگرن.
لای خۆیەوە دوێنێ سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، ئیبراهیم شێخۆ، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین ڕایگەیاند: تاوەکوو ئێستا بارودۆخی هەردوو گەڕەکەکە ئاڵۆزە و هێور نەبووەتەوە، پێشێلکاری بەردەوام بەرانبەر بە هاووڵاتییانی مەدەنی دەکرێت و ڕفاندنی بە کۆمەڵی خەڵکی مەدەنی دەکرێت و پێویستە بە زووی کار لەسەر دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ئەو خەڵکە بکرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، هێزەکانی عەرەبی سووریا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ خەڵکی مەدەنییان کردووەتەوە ئامانج و سەدان کەس چارەنووسییان نادیارە، هەروەها بەگوێرەی ئەو لیستەی ئاشکرا کراوە، ناوی زیاتر لە 300 کەس تۆمارکراوە، بەڵام ژمارەی ڕاست و دروست لە هەزار کەس زیاترە.
رۆژی سێشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2026، سوپای عەرەبیی سووریا، بە پشتیوانی گرووپە چەکدارەکانی ئەبو حەمشە و حەمزات، دوای ئاڵۆزییەکانی هەشتی ئەم مانگە، لە 10ـی مانگەوە بە زیاتر لە 40 هەزار چەکدار و چەکی قورسەوە هێرشیان کردە سەر هەردوو گەڕەکە کورنشینەکەی حەلەب، دوای پێنج ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی هەسەدە و سوپای عەرەبیی سووریا، هەردوو گەڕەکە کەوتنە دەستی هێزەکانی سووریا.