بەهۆی کەوتنی کرێنێک بەسەر شەمەندەفەرێکدا زیاتر لە 50 کەس بوونە قوربانی

وێنەی ڕووداوەکە
وێنەی ڕووداوەکە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026، دەسەڵاتدارانی تایلاند ڕایانگەیاند،  کرێنێک بەسەر شەمەندەفەر کەوتووەتە خوارەوە، لە ئەنجامدا زیاتر لە 50 کەس بوونە قوربانی.

بەرپرسی پۆلیسی خۆجێیی لە پارێزگای ناخۆن ڕاتچاسیما تاچاپۆن چێناونگ بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، کرێنێک بەسەر  شەمەندەفەرێکدا کەوتووە بەهۆیەوە "22 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 30 کەسیش برینداربوون."

بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی ناخۆن ڕاتچاسیما لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "کرێنێک کەوتووەتە سەر شەمەندەفەرێک و بەهۆیەوە شەمەندەفەرەکە لە ڕێڕەوی خۆی لایداوە و ئاگری گرتووە."

ئیدارەی پارێزگاکە بڵاویکردەوە، شەمەندەفەرەکە لە بانکۆکەوە بەڕێکەوتووە و بەرەو پارێزگای ئوبۆن ڕاچاتانی.

ڤیڤات ڕاچاکیتپراکارن، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی تایلاند ڕایگەیاند، 195 کەس لەناو شەمەندەفەرەکەدا بوون و بەرپرسان هەوڵی ناسینەوەی مردووان دەدەن.

کرێنەکە کاری لە دروستکردنی پڕۆژەیەکی شەمەندەفەری خێرا بە بڕی 5.4 ملیار دۆلار لە تایلاند دەکرد، کە ئامانج لەو پرۆژەیە بەستنەوەی 'بانکۆک بە کونمینگ'ـە لە چین.