بەفر و سەختیی کەشوهەوا، هاتوچۆی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران سنووردار کردووە
داوا لە گەشتیار و هاووڵاتییان دەکرێت بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت، دەروازەی حاجی ئۆمەران بەکارنەهێنن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ی کانوونی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و نالەباریی کەشوهەواوە، داوای لە هاووڵاتیان و گەشتیاران کرد کە ئەگەر بۆ کاری زۆر پێویست و ناچاری نەبێت، سەردانی دەروازەکە نەکەن.
لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا، بەڕێوەبەرایەتی دەروازەکە داوای لە گەشتیاران و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ئێران کردووە "بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی بەفربارین و بەردەوامیی بارینی بەفر، سەختیی ڕێگاکان و نالەباریی کەشوهەوا، ئەگەر زۆر ناچار نەبن بۆ هاتوچۆکردن سەردانی دەروازەکەمان نەکەن."
هەروەها ڕوونیشیکردووەتەوە، تیمەکانیان لە ئامادەباشیدان بۆ پاککردنەوەی ڕێگاکان، و لە ئەگەری باشتربوونی کەشوهەوا و ئاساییبوونەوەی هاتوچۆ، لە ڕاگەیەنراوی دواتردا هاووڵاتیان ئاگادار دەکەنەوە.
دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەکەوێتە شارۆچکەی حاجی ئۆمەران لە قەزای چۆمان، سەر بە پارێزگای هەولێر و لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵکەوتووە. ئەم دەروازەیە یەکێکە لە خاڵە سنوورییە ستراتیژی و گرنگەکانی نێوان هەردوو وڵات و ڕۆڵێکی بەرچاوی لە جووڵەی بازرگانی و گەشتیاریدا هەیە.
ناوچەی حاجی ئۆمەران بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی و بوونی لە ناوچەیەکی شاخاوی، لە وەرزی زستاندا بەردەوام ڕووبەڕووی بارینی بەفری زۆر و دابەزینی پلەکانی گەرما دەبێتەوە. ئەمەش ساڵانە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە بۆ هاتوچۆ و زۆر جار داخستنی کاتیی دەروازەکە.