پارێزگاری هەولێر: تائێستا زیاتر لە 65 هەزار پارچە زەویی دابەش کراوە

لە قۆناغی داهاتوودا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش دەکرێت

پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا قۆناغێکی باشی بڕیوە و نیوەی زەوییەکان دابەش کراون، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانیش دڵنیایی دەدات کە زەوییەکان لە باشترین شوێنەکانن و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆیان ئاسانە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، لە سنووری پارێزگای هەولێر 120 هەزار فەرمانبەر مەرجی وەرگرتنی زەوییان تێدایە و تا ئێستا لە %50ـی زەوییەکان دابەش کراون.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە دا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان و سەرۆکایەتیی شارەوانی تا ئێستا زیاتر لە 65 هەزار پارچە زەوییان دابەش کردووە و ئەمڕۆش تیروپشک بۆ 750 پارچە زەویی دیکە کراوە.

لەبارەی وردەکاریی پرۆسەکەش گوتی: "لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان تەنیا 10 بۆ 12 هەزار فەرمانبەر ماون زەوی وەربگرن، ئەوەی دیکە لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانی ماون و پرۆسەکەش زۆر بەباشی بەڕێوە دەچێت." جەختیشی کردەوە، کە لە قۆناغی داهاتوودا دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەستدا دەست پێ دەکات.

ئومێد خۆشناو، باسی لەوەشکرد، "ژمارەیەکی زۆر زەوی ئامادەیە، بە نموونە لە قەزای کۆیە و تەقتەق نزیکەی 8 هەزار پارچە زەوی ئامادەیە و لەم چەند ڕۆژەدا دابەش دەکرێن."

لەلایەکی دیکەوە، مەریوان حاکم، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ڕایگەیاند، لەسەرەتای پرۆسەکەوە پلانەکە بەو شێوەیە بووە کە باشترین زەوییەکان لە سنووری شارەوانییەکان ئامادە بکرێن.

مەریوان حاکم گوتی: "هەموو ئەو زەوییانەی دابەش کراون یان ئامادە کراون، دەکەونە باشترین شوێنەکانی سنووری سەرۆکایەتی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان، هەروەها بیر لەوە کراوەتەوە کە لە داهاتوودا بە کەمترین تێچوو و ئاسانترین شێوە خزمەتگوزارییەکانی ئاو، کارەبا، ئاوەڕۆ و شەقامیان بۆ جێبەجێ بکرێت."

بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان ئاماژەی بەوەش دا، ئامانجی سەرۆک وەزیران ئەوە بووە فەرمانبەر زەوییەک وەربگرێت کە بۆ نیشتەجێبوون بەکاری بهێنێت، بۆیە ئەو نەخشانەی ئامادە دەکرێن دەنێردرێن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر و ئەگەر ڕێژەی سەوزایی لە 25%ـی کەمتر بێت، نەخشەکە ڕەت دەکرێتەوە، واتە نەخشەکان لە سەرووی ستانداردەوەن.

ناوی بەشێک لەو فەرمانبەرانەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە سنووری کانی قرژاڵە زەوییان پێدراوە