بلۆمبێرگ: ویتکۆف و کۆشنەر بۆ دیداری پوتن دەچنەوە مۆسکۆ

ماڵپەڕی بلۆمبێرگ بڵاویکردووەتەوە، سیتڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و جارێد کوشنەر زاوای ترەمپ، بەنیازن جارێکی دیکە ڕووبکەنە مۆسکۆ بۆ ئەوەی لە بارەی ئاشتی ئۆکرانیا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا گفتوگۆ بکەن. 

چوارشەممە 14ـی کانوونی دووەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی بلۆمبێرگ لە زاری سەرچاوەیەکی باڵا لە کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، لەم مانگەدا جارێکی دیکە کۆبوونەوەی نێوان شاندی دانوستانکاری ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا لە بارەی پرسی ئاشتی لە ئۆکرانیا لە مۆسکۆ کۆببنەوە. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، جگە لە بابەتی ئاشتی ئۆکرانیا، پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ئێران بابەتێکی دیکەی گفتوگۆکانیان دەبێت و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکەن. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی "بلۆمبێرگ"، پێشبینی دەکرێت ویتکۆف و کوشنەر کە پێشتر سەردانی مۆسکۆیان کردووە، لەم سەردانەدا دوایین پێشنیازەکانیان بۆ چارەسەرکردنی جەنگی ئۆکرانیا بخەنەڕوو، لەوانەش ئەو گەرەنتییە ئەمنییانەی کە ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپی بەنیازن پێشکەشی کیێڤی بکەن.

ڕۆژی 2ـی کانوونی یەکەم، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، لە کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا "کرێملین" پێشوازی لە ویتکۆف و کوشنەر کرد،  لە کۆبوونەوەیەکدا کە نزیکەی پێنج کاتژمێری خایاند، پرسی ئاشتی لە ئۆکرانیا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ تاوتوێ کران.

دواتر کرێملن لە 29ـی کانوونی یەکەم ڕایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، گفتوگۆیان کردووە و ئەنجامی کۆبونەوەکەی فلۆریدا و مۆسکۆیان بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ئۆکرانیا تاوتوێ کردووە.  

24ـی شوباتی 2022، سوپای ڕووسیا هێرشی فراوانی کردە سەر خاکی ئۆکرانیا و لەگەڵ ئەوەی جەنگەکە نزیک دەبێتەوە لە چوارەم ساڵ، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە دەستپێشخەرییەکی بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە دەستپێکردووە و دوایینجار لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، گفتوگۆیەکی زۆر باش و دوورودرێژی لەگەڵ بەشێک لە سەرکردەکانی ئەوروپا کردووە؛ گوتیشی: وا دیارە کارەکان بە باشی بەرەوپێش دەچن، هەرچەندە ماوەیەکی زۆرە ئەمە دەڵێین، بەڵام دۆخەکە لەوەی بیری لێدەکەینەوە سەختترە.