دوای چەندین ساڵ شەپۆلێکی سەرمای سڕکەر هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
شارەزایەکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات لە درەنگانی ئەمشەودا شەپۆلێکی بەفر و باران ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و لە سەنتەری هەڵەبجە و سلێمانی بەفر ببارێت، هاوکات هۆشداریش دەدات لە هاتنی شەپۆلێکی مێژوویی لە هەفتەی داهاتوودا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026، محەممەد کەمال، شارەزای بواری کەشناسی تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "بەهۆی بەردەوامیی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما، پێشبینی دەکرێت لە درەنگانی ئەمشەو، هەورەکان لە بەشێکی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان چالاک ببنەوە".
سەبارەت بە جۆری دابارینەکە، ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوە کرد، لە سەنتەری هەولێر و دهۆک ئەگەری بارانبارین هەیە و لە ناوچەکانی گەرمیان و کەرکووکیش نمەباران دەبێت.
محەممەد کەمال ڕوونیشیکردەوە، لە قەزاکانی سۆران، پێنجوێن، مێرگەسۆر و ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک، هەولێر، هەڵەبجە و سلێمانی بەفر دەبارێت.
ئەو شارەزایەی کەشناسی مژدەی بەفربارینی لە ناو سەنتەری شارەکان دا و گوتی: "لە نیوەشەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە، پێشبینی دابەزینی بەفر بۆ ناو سەنتەری شاری سلێمانی و هەڵەبجە دەکەین، کە بڕەکەی لەنێوان 1 بۆ 3 سانتیمەتر دەبێت"، بەگوێرەی پێشبینییەکان، ئەم شەپۆلە تا ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت و دواتر کۆتایی دێت، بەڵام کاریگەریی سەرمایەکەی دەمێنێتەوە.
محەممەد کەمال دەڵێت: "پلەکانی گەرما بەڕێژەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە، بەجۆرێک ئەمشەو و سبەی شەو پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی دادەبەزن".
لە کۆتایی قسەکانیدا پێشبینی ڕووداوێکی کەشناسی دەگمەنی کرد و ڕایگەیاند، "لە ڕۆژانی 19 بۆ 20ـی ئەم مانگە، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی مێژوویی سەرما و بەفربارین، کە ماوەی چەندین ساڵە شەپۆلی لەو شێوەیە ڕووی لە ناوچەکە نەکردووە."