لە کۆی 132 خێزان تەنیا چوار خێزان لە هەولێر منداڵیان ڕادەست کراوە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر ئاشکرای دەکات، تاوەکوو ئێستا 132 خێزان سەردانی هۆبەی خێزانی جێگرەوەیان کردووە بۆ وەرگرتنی منداڵ، بەڵام تەنیا چوار خێزان پرۆسەیان تەواو بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026، یووسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ھەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: تاوەکوو ئێستا ژمارەی ئەو خێزانانەی سەردانی هۆبەی خێزانی جێگرەوەیان کردووە 132 خێزانن و لەو ژمارەیە 123 خولی پێشکەشکاری بۆ خێزانەکان ئەنجامدراوە.
یووسف چاوشین ئاماژەی بەوە دا، لە کۆی 132 خێزان، چوار خێزان پرۆسەیان تەواوبووە و پەسەندکراون و منداڵیان ڕادەستکراوە.
هەروەها هەموو ئامادەکارییەک کراوە لە چەند ڕۆژی بێت دوو منداڵی تریش ڕادەستی دوو خێزانی تر دەکەین.
خێزانی جێگرەوە چییە؟
ئەو خێزانەیە منداڵێک بەخێو دەكات، كە لە ڕووی بایەلۆجییەوە منداڵی خۆی نییە، بەڵام ئەركی پاراستن و چاودێری و پەروەردەكردنی جێگرەوەی دەگرێتە ئەستۆ، (پێكدێت لە پیاو و ژن، یاخود ژن بە تەنیا ئەگەر جیا بووبێتەوە، یان بێوەژن، بە مەرجێک خاوەنی شیاویی یاسایی تەواوبن).
ئەو مەرجانەی حکوومەتی هەرێم دیاریکردووە بۆ خێزانی جێگرەوە، دیاریکردووە.
عێراقی بن و دانیشتووی هەرێم بن،ناسراوبن بە ڕابردوو و خوڕەوشتی باش، ئەندامانی خێزانی جێگرەوە، نەخۆشی گوازراوەیان نەبێت بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پزیشکی فەرمی، لە لایەن لیژنەیەکی پزیشکی تایبەتمەند و باوەڕپێکراو دەرچووبێت.
توانای بەخێوکردنی منداڵ و دابینکردنی خزمەتی چاودێریی جێگرەوەی هەبێت بە نیازپاکی، توانای دابینکردنی ماڵی گونجاوی هەبێت لە ڕووی دەروونی و تەندروستی و کۆمەڵایەتی و بە تەواوی پێداویستییەکانیانەوە.
هەروەها نووسراوی پشتگیریی ئاسایش و بەڵگەنامەی بێتاوانی و بڕوانامەی دەرچوونی پێشکەشکاری داواکە لە خولێکی تایبەت سەبارەت بە چۆنیەتی بەخێوکردنی منداڵە پێسپێردراوەکە.