هەسەدە: فراوانبوونی بازنەی شەڕ لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت

لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشەکانی سوپای سووریا بۆ سەر ناوچەکانی دێر حافر و بەنداوی تشرین و بەئامانجگرتنی نانەواخانە و دامەزراوە مەدەنییەکان، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هۆشداری لە مەترسییەکانی ئەو هەڵکشانە دەدەن، هاوکات سوپای سووریا کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی ڕادەگەیەنێت و داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە بنکەکانی هەسەدە دوور بکەونەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 14 کانوونی دووەمی 2026، سوپای عەرەبیی سووریا بەردەوام هێرشی چڕ دەکەنە سەر ناوچەکانی دێر حافر، مەسکەنە و بەنداوی تشرین، ئەمەش ئاماژەیە بۆ زیادبوونی مەترسیی لەسەر ئاسایشی مەدەنییەکان و دامەزراوە هەستیارەکانی ناوچەکە

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سوپای عەرەبیی سووریا، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تۆپخانە و هاوەن، چەندان هێرشیان کردووەتە سەر دەوروبەری بەنداوی تشرین؛ بە شێوەیەک ژمارەی هێرشەکان گەیشتە زیاتر لە 12 هێرش.

هەسەدە دەشڵێت: ئەو بۆمبباران و هێرشانە، بۆ سەر گوندەکانی مەحشییە، شێخ حەسەن و گوندەکانی قشڵە و دەوروبەری بەنداوەکە تا ئێستا بەردەوامن.

هەروەها ئاماژەشی داوە، سوپای عەرەبیی سووریا هێرشەکانیان بۆ سەر ژێرخان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان لە شارۆچکەی دێرحافر چڕتر کردەوە، کە تێیدا بینای پۆستەی دێرحافر بە تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆمبباران کرا کە بە خۆشحاڵییەوە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە. جگە لەوەش نانەواخانەی مەدەنیی دێرحافر بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بۆمبباران کرا، کە بووە هۆی لەکارکەوتنی نانەواخانەکە و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی خۆراکی دانیشتووان.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە، ئەم هێرشانە هاوکات بوون لەگەڵ هەوڵی ئاشکرا بۆ پەکخستنی ژیانی ڕۆژانە، لە ڕێگەی پەلاماردانی هەر جووڵەیەک لە ناوچەکەدا، لە وانەش ڕێگریی لە جووتیاران بۆ گەیشتن بە زەوی و کارەکانیان، کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی بژێوی مەدەنییەکان دروست کردووە.

هەسەدە ڕاشیگەیاندووە، لە ڕووی مەیدانییەوە، هێزەکانمان بەرپەرچی هەوڵێکی دزەکردنی سوپای عەرەبیی سووریا دایەوە لە میحوەری گوندی زوبەیدە لە باشووری شاری دێرحافر، لە ئەنجامدا هەوڵەکەیان شکستی هێنا و هێرشبەران ناچار بوون هەڵبێن، سەرەڕای ئەوەی هێرشەکە بە پشتیوانیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرا. هاوکات، ناوچەکە شایەتحاڵی فڕینی چڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بوو و خاڵێکی سەربازیی سەر بە هێزەکانمانی لە شاری مەسکەنە پێکا، بەبێ ئەوەی زیانی گیانی لێ بکەوێتەوە.

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئەمڕۆ دووەم جارە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پەلاماری ئەو خاڵە سەربازییە دەدەن. جگە لەوەش خاڵێکی دیکەیان لە گوندی بوعاسی لە نزیک شاری تەبقە بۆمباران کرد لە دەستپێکردنی گرژییەکانەوە، ئەمە چوارەم جارە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پەلاماری شاری مەسکەنە دەدەن و ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ زیادبوونی هێرشە ئاسمانییەکان لە ناوچەکەدا.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هەسەدە دەڵێت: ئەم هەڵکشانە پێشبینییەکان بۆ فراوانبوونی بازنەی ڕووبەڕووبوونەوەکان و لێکەوتە مەترسیدارەکانی لەسەر مەدەنییەکان و ژێرخان و دامەزراوە هەستیارەکان زیاد دەکات، بە شێوەیەک سوپای عەرەبیی سووریا بەرپرسیارێتی تەواوی ئەم هەڵکشانە و لێکەوتە مرۆیی و ئەمنییەکانی لە ناوچەکەدا لە ئەستۆ دەگرن.

هەروەها دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە، ئاگەداری دانیشتووانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی حەلەب دەکەین، پێشتر دەستنیشنمان کردبووە کە ڕێڕەوێکی مرۆیی بە ئاراستەی شاری حەلەب دەکەینەوە

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ڕێڕەوە مرۆییکە بە ناو گوندی حەمیمە لەسەر شەقامی سەرەکیی نێوان شاری دێرحافر و حەلەبدا تێدەپەڕێت و داوا لە هاووڵاتییان دەکەین لەوەی پێویستە لە هەموو بنکەکانی هەسەدە دوور بکەونەوە.

سوپای عەرەبیی سووریا ڕاشیگەیاندووە، هەموو کارێک دەکات بۆ لەناوبردنی ئەو هەڕەشانەی دەکرێتە سەر ئاسایشی هاووڵاتییان و ناوچەکە.