عەباس عراقچی: دۆخی ناوخۆی ئێران ئارامه‌

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: ئاڵۆزییەکانی وڵاتەکەی لە ئەنجامی هاندانی هه‌ندێک لایەنی تیرۆریستییەوە بووە، بەڵام ئێستا دۆخەکە ئارامە.

چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەم 2026، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیمارات، ئاماژەی بە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند "ئەو ئاڵۆزییانە لە ئەنجامی هاندانی هەندێک لایەنی تیرۆریستی بووە کە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێن، بە مەبەستی بەلاڕێدا بردنی ناڕەزایەتیی ئاشتیخوازانەی خەڵک."

عراقچی، جەختیشی کردەوە کە بە وشیاریی گەل و هەوڵی هێزە ئەمنییەکان، ئێستا ئارامی و هێمنی لە وڵاتدا جێگیر بووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕەخنەی توندی لە لێدوان و هاندانەکانی بەرپرسانی ئەمەریکا گرت و بە دەستوەردانی ئاشکرا لە کاروباری ناوخۆی ئێران وەسفی کردن و گوتیشی "گەلی ئێران ڕێگا بە هیچ جۆرە دەستوەردان و خراپەکارییەکی دەرەکی نادات."
لە لایەکی دیکەوە، عەبدولڕەحیم موسەوی، سوپاسالاری ئێران ڕایگەیاند "گرژییەکانی ئەم ڕۆژانە لە ناوخۆی ئێراندا، پیلان بۆداڕێژراون."

سوپاسالاری ئێران، خۆپیشاندەرانی ئێران بە تیرۆریستی ڕاهێنراو ناو دەبات و دەڵێت: دوای شکستهێنانی دوژمنان لە شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ، ئەوان بە دارشتنی پیلانێک چەند گرووپێکیان ڕاهێناوە و لە ڕێگەی وشکانییەوە لە ناوچە جیاوازەکانی ئێراندا کاری تێکدەرانەیان کردووە.

موسەوی، وێڕای ئاماژەدان بە ڕێژەی بەرچاوی زیانەکان، کە بە گوتەی خۆی هیچکات بەرەو ڕووی ئەم ڕێژە زیانانە نەبوونەتەوە، جەختی لەوە کردەوە "ئەم ڕووداوانە بە وردی پیلانی بۆ داڕێژراوە و کاری لەسەر کراوە."