دەزگای خێرخوازیی بارزانی پلانی گەڕانەوە و هاوکاریی خێرا بۆ ئاوارەکانی عەفرین جێبەجێ دەکات

دەزگای خێرخوازیی بارزانی, لە نوێترین ڕاپۆرتیدا دەربارەی دۆخی ئاوارەکانی حەلەب لە عەفرین، ڕایگەیاند: تا ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی 2026، هاوکاریی جۆراوجۆریان پێشکەش بە زیاتر لە 14 هەزار کەس کردووە، هاوکات هۆشداری دەدات لە دۆخی سەختی زستان و کەمیی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ ئاوارەکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026، نووسینگەی سووریای دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پێنجەمین ڕاپۆرت و پلانی ڕۆژانەی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانی ئاوارەبوونی دانیشتووانی حەلەب بڵاو کردەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەهۆی دروستبوونی پێکدادانی چەکداری لە نێوان هێزەکان لە هەردوو گەڕەکی "شێخ مەقسوود" و "ئەشرەفیە"ی شاری حەلەب لە ڕێکەوتی 8ـی کانوونی دووەمی 2026، شەپۆلێکی بەرفراوانی ئاوارەبوون دەستی پێکردووە.

ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرایەتیی پارێزگای حەلەب، دەریدەخەن کە 27 هەزار و 750 خێزان (بە نزیکەیی 138 هەزار و 750 کەس) ئاوارە بوون. هەروەها شەپۆلەکە تا 10ـی ئەم مانگە بەردەوامی هەبووە و دوو هەزار خێزانی دیکەش ئاوارە بوون، کە 90%ـیان ڕوویان لە عەفرین کردووە.

 

پلان و چالاکییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ وەڵامدانەوەی خێرا، لە ڕۆژی 14ـی مانگدا ئەم هەنگاوانەی گرتووەتە بەر:

دابینکردنی سەبەتەی خۆراکیی خێرا بۆ هەزار و 500 کەس لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ حەلەب.

ئەنجامدانی سەردانی مەیدانی بۆ گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بە مەبەستی دانانی پلانی هاوکاریی ڕاستەوخۆ.

دابەشکردنی ژەمەخۆراکی گەرم و خۆراکی وشک بۆ هەزار خێزان.

ڕەوانەکردنی تیمێکی تەندروستیی گەڕۆک و ستافی پزیشکی بۆ کەمپ و گوندەکان، لەگەڵ دابینکردنی پشتیوانیی دەروونی بۆ منداڵان.

بە پێی داتاکانی دەزگاکە، لە ماوەی نێوان 9 بۆ 13ـی کانوونی دووەم، کۆی گشتیی سوودمەندان لە خزمەتگوزارییەکانیان گەیشتووەتە 14 هەزار و 428 کەس، کە پێکهاتوون لە وەرگرتنی خۆراکی گەرم و وشک، پێداویستیی ناخۆراکی (وەک بەتانی و دۆشەک)، جلوبەرگ و چارەسەری پزیشکی.

 

پڕۆسەی گەڕانەوە و ئاڵنگارییەکان

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە دەستپێکردنی پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات. لە 12ـی مانگدا یەکەم کاروانی ئاوارەکان کە لە 750 خێزان پێکهاتبوون، بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە بۆ گەڕەکەکانیان لە حەلەب، بۆ ڕۆژی دواتریش زیاتر لە 750 کەس لە ڕێگەی 15 پاسەوە گواستراونەتەوە.

 

سەرەڕای هەوڵەکان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی نیگەرانیی خۆی نیشان داوە سەبارەت بە چەند پرسێکی هەستیار، لەوانە:

دۆخی ئەمنی: بوونی دڵەڕاوکێ لەلای ئاوارەکان بەهۆی هەواڵی دەستگیرکردن و لێپێچینەوە لە کاتی گەڕانەوەیان.

خزمەتگوزاری: وێرانبوونی بەشێک لە خانووکان و نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتایی لە ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان.

تەندروستی و دەروونی: تێکچوونی دۆخی دەروونیی منداڵان و ژنان بەهۆی زەبری ڕووداوەکان و سەختیی زستان.

شوێنی مانەوە: قەرەباڵغیی زۆر لە عەفرین، کە بەپێی ئامارەکان زیاتر لە 110 هەزار کەس لە گوند و ناحیەکانی عەفرین نیشتەجێ بوون، ئەمەش پێویستی بە ئامادەکاریی زیاتر هەیە.

 

بەخشەرەکان

هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانی ستایشی ڕۆڵی بەخشەرە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی کردووە، لەوانە؛ (Peace Village، KHALSA AID، ZER COMPANY ، Tofin Catholic Church و Media International School)، کە بەشدارییان لە دابینکردنی هاوکاری بۆ هەزاران خێزان کردووە، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە قەبارەی کارەساتەکە پێویستی بە هەوڵی زیاتری ڕێکخراوە مرۆییەکان هەیە کە ئێستا ژمارەیان لە عەفرین زۆر کەمە.