عەلی قەرەداغی: دەستبەجێ شەڕی سووریا ڕاگرن و مافی کورد بپارێزن
عەلی محێدین قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان و سەرۆکی ڕێکخراوی ڕابیتەی مرۆیی، لە ڕاگەیەندراوێکدا، بانگەوازێکی بەپەلەی ئاراستەی هەموو لایەنە ناکۆکەکانی سووریا دەکات بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و خوێنڕشتن و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و بنیاتنانی سووریایەکی نوێ.
ڕاگەیەندراوکە ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی کانوونی دووەمی 2026 بڵاو کراوەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، عەلی محێدین قەرەداغی داوا لە هەموو لایەنەکانی سووریا دەکات، شەڕ و کوشتار وەلابنێن، خوێنڕشتن ڕاگرن، لە پێناو ئاشتەوایی گشتگیر و بنیاتنانی سووریایەکی نوێ، هەروەها پابەندبوون بەو ڕێککەوتننامەیەی لە نێوان حکوومەت و (هەسەدە) واژۆکراوە و پەلەکردن لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی بە نیازێکی پاک و لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوو، کە مافە ڕەواکانی گەلی کوردی تێدا دەستەبەرکرابێت.
دەشڵێت: ئەمە ئەرکێکی شەرعییە، هەروەک چۆن ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆییشە، چونکە ئاشتەوایی خێرە، بەڵکوو فەتحێکی ڕوون و مایەی خێر و بەرەکەتە بۆ گەلی سووریا. جەنگ و کوشتار لە نێوان موسڵماناندا فیتنەیەکە شوێنەواری مەترسیداری هەیە، و هەمووی شەڕە و هەرگیز خێری تێدا نییە، ئەزموونە مێژووییەکانیش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، قەرەداغی کوشتار و شەڕی نێوان موسڵمانان بە حەرام و فیتنەیەکی گەورە لە قەڵەم دەدات و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەرکی ئایینی و نیشتمانی وادەخوازێت کێشەکان بە دیالۆگ و ئاشتەوایی چارەسەر بکرێن. هاوکات وێڕای بیرهێنانەوەی هەوڵە مرۆییەکانی ڕابردووی وەک هاوکاریکردنی ئاوارەکان و وەرگرتنی خوێندکارانی سووریا، ئامادەیی خۆی بۆ نێوەندگیری و خستنەگەڕی هەر هەوڵێک نیشان دەدات کە ببێتە هۆی چەسپاندنی ئاشتی و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان.
دەقی پەیامەکە
"بانگەوازێک بۆ ڕاگرتنی شەڕ و خوێنڕشتن و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە
بە ناوی خۆمەوە داوا لە هەموو لایەنەکانی سووریا دەکەم: تکایە شەڕ و کوشتار وەلابنێن، خوێنڕشتن ڕاگرن، لە پێناو ئاشتەوایی گشتگیر و بنیاتنانی سووریایەکی نوێ، هەروەها پابەندبوون بەو ڕێککەوتننامەیەی لە نێوان حکومەت و (هەسەدە) واژۆکراوە، و پەلەکردن لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی بە نیازێکی پاک و لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوو، کە مافە ڕەواکانی گەلی کوردی تێدا دەستەبەرکرابێت.
ئەمە ئەرکێکی شەرعییە، هەروەک چۆن ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆییشە، چونکە ئاشتەوایی خێرە، بەڵکوو فەتحێکی ڕوون و مایەی خێر و بەرەکەتە بۆ گەلی سووریا. جەنگ و کوشتار لە نێوان موسڵماناندا فیتنەیەکە شوێنەواری مەترسیداری هەیە، و هەمووی شەڕە و هەرگیز خێری تێدا نییە، ئەزموونە مێژووییەکانیش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن؛ هەر بۆیە قورئانی پیرۆز جەختی لەسەر حەرامکردن و بە تاوان کردنی کوشتنی موسڵمانان کردووەتەوە و خودای گەورە دەفەرموێت: { ۆمَن ێقْتڵْ مۆْمِنًا مُّتَعَمِّدًا فَجَزَا ۆهُ جَهَنَّمُ خَالِدًا فِیهَا ۆغَضِبَ اللَّهُ عڵێْهِ وڵعَنَهُ ۆأَعَدَّ ڵهُ عَذَابًا عَظِیمًا } (النساء: 93). بەڵکو خودای گەورە کوشتنی یەک مرۆڤی بە ناحەق وەک کوشتنی هەموو خەڵکی جیهان داناوە؛ وەک دەفەرموێت: { أَنَّهُ مَن قَتڵ نَفْسًا بِغێْڕ نَفْسٍ أۆْ فَسَادٍ فِی الْأَرْضِ فَکَأَنَّمَا قَتڵ النَّاسَ جَمِیعًا ۆمَنْ أَحْێاهَا فَکَأَنَّمَا أَحْێا النَّاسَ جَمِیعًا ۚ} (المائدة: 32).
بەجێهێنانی ئەرکی ئایینی و نیشتمانی وا دەخوازێت کە کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگی بنیاتنەر و نیازێکی پاک و ڕاستگۆیانە چارەسەر بکەن بۆ گەیشتن بە ئاشتەوایی گشتگیر و سڕینەوەی ئەو ستەم و کێشانەی کە ڕژێمی ستەمکاریی لەناوچووی پێشوو جێیهێشتوون. هەروەها داوایان لێدەکەم کاروانی برایەتی، ئاوەدانکردنەوە، زانست و شارستانییەت سەرڕێبکەن لە پێناو بنیاتنانی سیستەمێکی نوێ کە مافی هەمووان بپارێزێت و جێگەی هەمووانی تێدا ببێتەوە، تاوەکوو سووریا ببێتە نموونەیەکی ڕاستەقینەی گەشەسەندووی، وەک خودای گەورە دەفەرموێت: { ۆقڵِ اعْمڵوا فَسێَرێ اللَّهُ عَمڵکُمْ ۆرَسۆڵهُ ۆالْمۆْمِنۆنَ ۖ ۆسَتُرَدّۆنَ إِلێ عَالِمِ الْغێْبِ ۆالشَّهَادَةِ فێُنَبِّئُکُم بِمَا کُنتُمْ تَعْمڵونَ } (التوبة: 105).
لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەوە ڕوون بکەمەوە کە شانازیی ئەوەم پێبڕاوە هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە بە هەموو توانامەوە پشتیوانی و پاڵپشتی گەلی سووریا بکەم. هەروەک لە ڕێگەی "ڕێکخراوی ڕابیتەی مرۆیی" کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دامانمەزراندووە، بە شێوەیەکی کارا بەشداربووین لە هاوکاریکردنی خوشک و برایانی ئاوارەی سووریا لە هەرێمی کوردستان و لە ناوخۆی سووریاشدا، کە قوربانیی تاوانەکانی ڕژێمی ستەمکاری پێشوو بوون. هەروەها ئەو زانکۆیەی کە دامانمەزراندووە [زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە هەرێمی کوردستانی عێراق] سەدان خوێندکاری کوردی سووریای بۆ خوێندن وەرگرتووە بە خۆڕایی و بێ بەرامبەر، ئەم پرۆژەیە تا ئێستاش بەردەوامە.
لە لایەکی ترەوە هەوڵێکی زۆرم داوە بۆ ئاشتەوایی و نزیککردنەوەی لایەنەکان و هێشتاش بەردەوامم. هەروەها داوا لە دڵسۆزان و چاکەخوازان دەکەم ئەوەی لە توانایاندایە بیکەن بۆ وازهێنان لە شەڕ و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنە واژۆکراوەکە و تەواوکردنی، داواکارین لە خودا تێیدا سەرکەوتوومان بکات و شتێک ڕوونەدات ئێمە و هەموو خۆشەویست و دڵسۆزێک خەمبار بکات... ئامین.
ڕایدەگەیەنم کە ئەم بانگەوازەم ئاراستەی هەردوو لایەنەکە کردووە، و هیوا و گومانێکی زۆرم هەیە کە بە دەم ئەم داواکارییە وە بێن. هەروەها ئامادەیی خۆم نیشان دەدەم بۆ خستنەگەڕی هەوڵی زیاتر لەپێناو ڕاگرتنی شەڕ و بەشداریکردن لە بەدیهێنانی ئاشتەوایی و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.
پڕۆفیسۆر دکتۆر عەلی محێدین قەرەداغی
14 / 1 / 2026"