ترەمپ جەخت لە دەستبەسەردا گرتنی گرینلاند دەکاتەوە و دانیمارک هەڕەشە دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، جارێکی دیکە جەختی لە گرنگیی ستراتیژیی دوورگەی گرینلاند کردەوە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی، هاوکات هۆشداریی دا لە چاوتێبڕینی چین و ڕووسیا لەو ناوچەیەدا. ئەم هەڵوێستەی ترەمپ کاردانەوەی توندی دانیمارکی لێکەوتەوە و وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر سەروەریی خاکەکەیان ناویان برد.

ترەمپ لە ئۆفیسی ئۆڤاڵەوە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، پەیوەندییەکانی لەگەڵ دانیمارک "زۆر باشن"، بەڵام پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە پێویستە ناتۆ پاڵپشتی لە کۆنترۆڵکردنی گرینلاند بکات لەلایەن ئەمەریکاوە.

ترەمپ گوتی: "گرینلاند بۆ سیستەمی بەرگریی مووشەکی و ئاسمانی ئەمەریکا کە بە (قوبە زێڕین) ناوی دەبەین، زۆر گرنگە." هەروەها ئاماژەی بەوە دا ئەگەر ئەمەریکا ئەو هەنگاوە نەنێت، ڕووسیا و چین دەست بەسەر ناوچەکەدا دەگرن.

لە بەرامبەردا، لارس لۆکی ڕاسموسن، وەزیری دەرەوەی دانیمارک، دوای کۆبوونەوەیەکی ئاستبەرز لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا، نیگەرانیی خۆی نیشان دا. ڕاسموسن ڕایگەیاند: "ئێمە نەمانتوانی هەڵوێستی ئەمەریکا بگۆڕین. زۆر ڕوونە کە سەرۆک ئارەزووی داگیرکردنی گرینلاند دەکات، بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی شانشینی دانیمارکدا نییە."

وەزیری دەرەوەی دانیمارک جەختی کردەوە؛ پێویستە واشنتن بە شێوەیەکی رێزدارانە مامەڵە بکات و گوتی: "هەر بیرۆکەیەک ڕێز لە یەکپارچەیی خاکی دانیمارک و مافی چارەی خۆنووسینی خەڵکی گرینلاند نەگرێت، بە تەواوی قبوڵنەکراوە."

پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی کۆشکی سپی، حکوومەتی دانیمارک وەک هەنگاوێکی وەڵامدەرەوە، ئامادەیی سەربازیی خۆی لە گرینلاند بەهێزتر کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوەی ناوینابوو "هەڕەشەکانی ئەمەریکا".

سەرەڕای هەبوونی ناکۆکییەکی لەنێوان هەردوو وڵاتدا، هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش کە بڕیارە لەماوەی چەند هەفتەیەکدا کۆببنەوە، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم پرسە هەستیارە.