نادیە یاسین بۆ کوردستان24: بە زیرەکی دەستکرد بەرهەمی "نیشتیمان تۆم لەبیرە"م بڵاوکردەوە

خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ نادیە یاسین، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "نیشتیمان تۆم لەبیرە" بە بەرگێکی نوێ و زیرەکی دەستکرد، لەچەناڵی یوتیوبی تایبەت بەخۆی بڵاوکردەوە.

پێنجشەممە، 15ی کانوونی دووەمی 2026، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نادیە یاسین، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بۆ کوردستان24 گوتی: گۆرانی "نیشتیمان تۆم لەبیرە"م لە شیعری هێمنە و لە نادیە پڕۆداکشن کاری میوزیکی بۆ کراوە، لەلایەن ئەحەمەد بڕۆنیزم کاری دەرهێنان بۆ ڤیدیۆ کلیپەکە کراوە، لە ساڵی 2016 ئەو گۆرانییەم بڵاوکردۆتەوە، بەڵام ئێستە بە زیرەکی دەستکرد و بەرگێکی نوێوە کارم بۆ بەرهەمەکە کردووە و هیوادارم بەدڵی هەموو هەوادارەکانم بێت.

نادیە یاسین گوتیشی: من هەر لەتەمەنی منداڵییەوە کوردستانم جێهێشت و چوومە کەنەدا، من ئاشنای وڵات و خاکی خۆم نەبووم، زۆر زوو سەفەرم کرد، من بەدڵ بیری نیشتیمان دەکەم، من قاچێکم لە کەنەدایە و دڵم لە نیشتیمانە، من سوپاسی کەنەدا دەکەم کە ئێمەی قبووڵ کردووە و چەندین ساڵە لێرە دەژین، بەڵام من نیشتیمانی خۆم خۆش دەوێت، بەڵام ناشتوانم بەیەکجاری بگەڕێمەوە، چونکە خاوەنی دوو منداڵم و بەرپرسیارێتیم لەسەرە.

نادیە باس لەوە دەکات کە بۆچی ماوەیەکە هیچ بەرهەمی نییە و دەڵێت: من خاوەنی دوو منداڵم، ئەوان کە بچووک بوون ناچار بووم بۆ مەوەیەک لەکاری هونەری بووەستم و زیاتر کات بۆ ئەوان تەرخان بکەم، چەندینجار داوای کۆنسێرت و پڕۆگرامی زۆر باشم لێ کراوە و ڕەتمکردۆتەوە، بەڵام لە ئێستەدا منداڵەکانم گەورەبوون و دەتوانم بۆ لەمەودوا کاری زۆرباش بکەم و بەردەوام بم.

دەربارەی پەیامی گۆرانییە نوێیەکەی، ئەو خانمە هونەرمەندە گوتی: پەیامی ئەو گۆرانییەم یەکگرتووییە، با ئێمە هەموومان بەیەکەوە وڵاتی خۆمان خۆش بوێت و لەپێناو ئەو خاکە جوانە کە ناوی کوردستانە بجەنگین، من لەڕێگەی هونەرەکەمەوە دژی داگیرکەرانی کورد دەجەنگم و هەمیشەش لەو خەباتە بەردەوام دەبم.

خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ نادیە یاسین، خەڵکی شاری هەولێرە، لەتەمەنی چوار ساڵییەوە کوردستانی جێهێشتووە و ئێستە لە کەنەدا نیشتەجێیە، خاوەنی چەندین بەرهەمی گۆرانییە، "شادم شادم" و "نیشتیمان تۆم لەبیرە" لە بەرهەمە هەرە تایبەتەکانی ئەو خانمە هونەرمەندەیە.