قەبارەی یەدەگی دراوی بیانیی عێراق 14ملیار دۆلار کەمیکردووە
بانکی ناوەندیی عێراق، لە نوێترین ئاماریدا دابەزینی قەبارەی یەدەگی دراوی بیانیی وڵاتی لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا ڕاگەیاند.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان کە بانکی ناوەندیی عێراق بڵاویکردووەتەوە، تا ڕۆژی 31ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، کۆی گشتیی یەدەگی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندی گەیشتووەتە 97 ملیار و 582 ملیۆن دۆلار، کە بەرانبەرە بە نزیکەی 126 ترلیۆن و 857 ملیار دیناری عێراقی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەراورد بە مانگەکانی پێشووتر، ئاستی یەدەگی دراوی بیانی هەڵبەز و دابەزی بەخۆیەوە بینیوە، کە لە مانگی ئەیلوول یەدەگەکە دابەزینی تۆمارکردووە و بڕەکەی 98 ملیار 155 ملیۆن دۆلار بووە.
بانکی ناوەندی ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئاستی ئێستای یەدەگی دراو بەراورد بە دوو ساڵی ڕابردوو ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە، کە لە ساڵی 2024دا، قەبارەی یەدەگی دراوی بیانی 100 ملیار و 267 ملیۆن دۆلار بووە.
لە ساڵی 2023دا، بەرزترین ئاستی تۆمارکردبوو کە 111 ملیار و 736 ملیۆن دۆلار بووە.
ئەم ئامارانە دەریدەخەن کە لە ساڵی 2023ەوە تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو، ئاراستەی گشتیی یەدەگی دراوی بیانیی عێراق بەرەو دابەزین ڕۆیشتووە.