سەردار نۆڕێ نوێترین دیوانی هایکووەکانی خۆی بڵاوکردەوە
هایکوونووس و شاعیر و شێوەکار، سەردار نۆڕێ، نوێترین دیوانی هایکووەکانی خۆی لەژێر ناونیشانی "کرۆکی تیشک" کە کتێبەکە لە 704 لاپەڕە پێکهاتووە، لە هەولێر کە لەلایەن ناوەندی نوسیار چاپکراوە، بڵاوکرەوە.
پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، هایکوونووس و شاعیر و شێوەکار، سەردار نۆڕێ، دەربارەی بڵاوکردنەوەی دیوانە نوێیەکەی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دیوانی "کرۆکی تیشک"، دووەمین دیوانی هایکووەکانی منە، لە ناوەڕۆکەوە چوار کتێب لەخۆی دەگرێت، کتێبەکە لە دووتوێی 704 لاپەڕەدایە، 1270 دەقی هایکووی تێدایە، هەروەها لەکۆتایی کتێبەکەشدا فەرهەنگۆکێکی 277 وشەیی هەیە، بۆ ماناکردنەوە و لێکدانەوەی هەندێک لەو وشە و ناوانەی کە لە هایکووەکاندا هاتوون.
سەردار نوڕێ باس لە ناوەڕۆکی هایکووەکانی ناو ئەم دیوانەی کرد و گوتی: لە ناوەڕۆکیدا دێوانەکە دابەش کراون بۆ چوار کتێب وەکو، کتێبی یەکەم، ڕژانی گزنگ "174 هایکووی سروشت". کتێبی دووەەم، گوشینی زمان "336 هایکووی مرۆیی"، کتێبی سێیەم، ڕامان لە زریوەی ئەڤین "470 هایکووی عیشق و ئەوینداری"، کتێبی چوارەم، گەوزاندنی گڕ "290 هایکووی ئیرۆتیکی.
نووسەری کتێبەکە ئاماژە بەوە دەکات، دیوانەکە لەگەڵ پێشەکییەکی تێروتەسەلدا، لە پێرستی کتێبەکەدا هاتووە وەکوو، هایکوو شەرابی برنجەکەیە نەک چێشتی برنجەکە، هایکۆ یان هایکو یان هایکوو، بۆچی دەبێت بنووسین هایکوو؟. گەیشتم بە مێژوویەکی دوورتری وشەی هایکوو، لە ئەدەبی کوردیدا. یەکەمین هایکوونووسی کورد کێیە؟. یەکەمین کتێبی هایکوو، کامەیە؟. هایکوو، خوێنەر و گوێری هایکوو.
دەربارەی ئەو ماوەیەی کە بۆ نووسینی ئەو دیوانە شیعرییەی تەرخان کردووە، سەردر نۆڕێ باسی لەوە کرد، "کرۆکی تیشک"، بەرهەمی شەش ساڵ نووسینمە، بە ووردی و جیددی و ئارامی و نەفەسدرێژییەوە کارم لەسەر کردووە، شەش ساڵ لە خوێندنەوەی چڕ و تێڕامانی ورد، هەروەها قووڵبوونەوە بەناو ڕۆحی نووسین و کارکردنی دەرزیلەیییم لە دەقەکانمدا، هاوکات فرە گرنگیدانم بەوەی ئەم هایکووانە بەجۆرێ بنووسم کە هەم مۆدێرنیزەکردن بێت لە هایکوودا و گۆڕانکاری گەورە و فراوانتر بێت لە هایکووی کوردیدا و هەمیش پەیوەندییەک بیانبەستێتەوە بە جیهانەوە.
سەردار نۆرێ باس لە سەرەتای درووستبوونی شیعری هایکوو لە ژاپۆن دەکات و ڕایگەیاند: هایکوو، ماوەی سەدەیەک دەبێت وەک فۆرمێکی شیعری لە جیهاندا بڵاوبووەتەوە و شاعیرانی زۆرێک لە وڵاتان بە زمانی خۆیان دەینووسن، هایکوو مێژوویەکی دێرینی هەیە لە ئەدەبی ژاپۆنیدا و زیاتر وەک ژانرێکی ئەدەبییە لە لایان، خاوەنی چەند مەرج و تایبەتمەندییەکە بۆ نووسین، بەڵام بەپێی سەردەمەکان هەندێک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەتایبەتی پاش بڵاوبوونەوەی وەک فۆرمێکی جیهانی لەناو زمانەکانی تردا گۆڕانکاریی تێدا کرا، لەئێستەدا هەر وڵاتێک و هایکووی خۆی هەیە و بە زمان و شێوازی گونجاو لەگەڵیدا دەینووسن، وەک هایکووی ئینگلیزی و هایکووی فەرەنسی و سویدی و دانیمارکی و ئیسپانیۆلی و هایکووی عەرەبی و فارسی، چەند ساڵێکە هەندێک لە شاعیرانی کوردیش وەک هایکوونووس، هایکوو دەنووسن و بەپێی گونجاوی لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی زمانی کوردیدا، خەریکە شێوەی کوردییانەی پێ دەبەخشن، دەکرێ بڵێین ئێستا ئێمەش خاوەنی هایکووی کوردیین.
هایکوونووس و شاعیر و شێوەکار، سەردار نۆرێ ساڵی 1985 لە کەلار لەدایک بووە، دەرچووی بەشی شێوەکارییە لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی خانەقین و مامۆستای پەیمانگەی هونەرەجونەکانی کفرییە، لە ساڵی 2015ەوە تێکەڵی هایکوو بووە، خاوەنی سێ کتێبی چاپکراوە وەکو، پۆرترێتی ئەندێشەکانی فڕین- شیعر و قەسیدە و پۆستەرە شیعر 2014 لە چاپخانەی تاران. کەوتنەخوارەوەی مەراق- دیوانی هایکوو- چوار کتێبە لە کتێبێکدا، بڵاوکراوەکانی نووسیار 2019. کرۆکی تیشک- دیوانی هایکوو- چوار کتێبە لە کتێبێکدا، بڵاوکراوەکانی نووسیار.