چوارچێوەی هەماهەنگی: ڕێگە بە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێک نادەین

چوارچێوەی هەماهەنگی بە فەرمی، ڕەتی دەکاتەوە خاکی عێراق وەک سەکۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتان، بە تایبەت ئێران، بەکار بهێنرێت، هاوکات پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ چارەی دیپلۆماسی و سیاسییەکان دووپات کردووەتەوە.

پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە، بە هەموو شێوەیەک بەکارهێنانی خاکی عێراق ڕەت دەکاتەوە وەک خاڵی دەستپێکردن بۆ هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێک، بە تایبەتیش کۆماری ئیسلامیی ئێران.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، کە ئەم جۆرە کردەوانە بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی عێراق هەژمار دەکرێن و دەبنە هۆی تێوەگلانی وڵات لە ململانێگەلێکدا کە نە خزمەت بە ئاسایشی عێراق دەکەن و نە لە بەرژەوەندیی گەلەکەیدان.

سەبارەت بە دۆخی هەستیاری ناوچەکە، چوارچێوەی هەماهەنگی هۆشداریی داوە کە ناوچەکە بەرگەی هیچ ململانێیەکی سەربازیی نوێ ناگرێت، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی ئابووری و دابەزینی نرخی نەوت بووەتەوە، کە ئەمەش بارگرانیی سەرشانی گەلانی ناوچەکە دوو هێندە دەکات و مەترسیی ڕاستەقینە لەسەر سەقامگیریی هەرێمایەتی دروست دەکات.

لە کۆتایی پەیامەکەدا، چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ چارەی دیپلۆماسی و سیاسییەکان دووپات کردووەتەوە و بە باشترین ڕێگەی داناوە بۆ چارەکردنی قەیرانەکان، بە جۆرێک کە سەروەریی وڵاتان پارێزراو بێت و گەلانی ناوچەکەش لە کارەسات و وێرانکارییەکانی جەنگ بە دوور بگرێت.

درەنگانی شەوی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، ڕایگەیاندبوو: کوشتنەکان لە ئیران ڕاگیراون، هەروەها ئێران پلانی نییە بۆ لەسێدارەدانی کەسێک یاخود کۆمەڵە کەسێکی دیکە لە داهاتوودا.

هاوکات، ڕۆژنامەی ۆڵستریت جۆرناڵی ئەمەریکی، لە ژمارەی ئەمڕۆی خۆیدا نووسیویەتی: دۆناڵد ترەمپ لە هێرشکردنەسەر ئێران پاشگەز بووەتەوە.

ڕۆژنامەکە، نووسیویەتی: جێگری سەرۆک و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ژمارەیەک بژاردەیان خستووەتە بەردەمی ترەمپ سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، لە بژاردەکاندا وەشاندنی گورزی سەربازی نییە.