دەستبەسەر دوو ملیۆن و 500 هەزار حەبی کەپتاگۆن دا گیرا
وەزارەتەکانی ناوخۆی عێراق و سووریا بە هاوبەشی ئۆپەراسیۆنەکەیان ئەنجامدراوە
هەر یەک لە وەزارەتەکانی ناوخۆی عێراق و سووریا لە دوو ڕاگەیاندراوی جیا، باسیان لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشکردووە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان و ڕایگەیاندووە، دەستیان بەسەر دوو ملیۆن و 500 هەزار حەبی کەپتاگۆن گرتووە.
پێنجشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، لە بەردەوامی ئۆپراسیۆنەکانی بەرگاربوونەوەی بارزگانی بە ماددە هۆشبەرەکان، بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی سووریا، تۆڕێکی تاوانکاریی نێودەوڵەتیی، کە کاری گواستنەوەی ماددەی هۆشبەریان لە نێوان هەردوو وڵات دەکرد، کرانە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئۆپراسیۆنەکەدا کەسێک لە ناو خاکی عێراق و دوو کەسی دیکەش کە ئەندامی تۆڕە قاچاخچییەکە بوون لە سووریا، دەستگیرکراون، هاوکات توانراوە دەستبەسەر دوو ملیۆن و 500 هەزار حەبی کەپتاگۆن دا بگیرێت.
هەروەها وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕایگەیاندووە، ئۆپراسیۆنەکە چالاکییەکی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق و سووریا بووە، لە کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێریی پێکهاتەی تۆڕەکە، لە ئەنجامدا بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئۆپراسیۆنەکە ئەنجام دراوە.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا جەختی لەوەشکردووەتەوە، ئەم دەستکەوتە ئاستی هەماهەنگی ئەمنی ناوچەیی نیشان دەدات، بۆ پاراستنی هەردوو کۆمەڵگەی عێراق و سووریا لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان.