بەم نزیکانە دووسایدی هەولێر - گۆمەسپان دەکرێتەوە
کۆتایی بە "ڕێگەی مەرگ" هات؛ 98%ـی پڕۆژەی دووسایدی هەولێر - گۆمەسپان تەواو بووە
پرۆژەی ستراتیژیی دووسایدی هەولێر - گۆمەسپان لە قۆناغی تەواوبوونە و بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە لەبەردەم هاتوچۆی شۆفێران و ڕێبواراندا بکرێتەوە. پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆییەوە بە ستانداردی نێودەوڵەتیی جێبەجێ دەکرێت، پێش وادەی دیاریکراوی خۆی تەواو دەبێت.
پرۆژەی دووسایدی هەولێر – گۆمەسپان، 98%ی کارەکانی کۆتایی هاتووە. ئەمیر ئەحمەد، بەڕێوەبەری پرۆژەکانی ڕێگەوبان لە کۆمپانیای "هێمن گرووپ" بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: "ئێستا تەنیا کارەکانی دانانی هێماکانی هاتوچۆ، هێڵکاری و پەرژینی پارێزگاری ماون؛ تەواوی پێکهاتەکانی ڕێگاکەش وەک سیستەمی ئاوەڕۆ، دوورگەی ناوەند و شۆستەکان بە ستانداردی بەرز جێبەجێ کراون."
پرۆژەکە بە دوو قۆناغ و بە درێژایی 38 کیلۆمەتر جێبەجێکراوە. لە مۆنۆمێنتی کەسنەزانەوە دەستپێدەکات و لە ڕێگەی بەرزەپردێکی مۆدێرنەوە بە ڕێگەی هەولێر - کۆیە دەبەسترێتەوە. یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی پرۆژەکە، چوارڕیانی گۆمەسپانە کە بە شێوەیەکی بازنەیی و لە ڕێگەی سێ بەرزەپردەوە، ئاراستەکانی (هەولێر، کۆیە، گۆمەسپان و بەستۆرە) بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش وادەکات شۆفێران بەبێ وەستان و ترافیک لە هەر چوار ئاراستەکەوە هاتوچۆ بکەن.
ئەم ڕێگەیە پێشتر بەهۆی یەک سایدبوونی و بوونی چەندین مەترسی، بە "ڕێگەی مەرگ" دەناسرا، بەڵام ئێستا بووەتە ڕێگەیەکی ستاندارد و سەلامەت.
سەفەر فەرحان، هاووڵاتییەکی ناوچەکەیە و دەڵێت: "ئەم پرۆژەیە هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو، چونکە پێشتر چەندین کەس لەم ڕێگەیەدا بوونە قوربانی، جگە لەوەی ئێستا مەودای گەیشتن بە هەولێر زۆر کورت بووەتەوە."
هەروەها هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی ئەحمەد یاسین، دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "ئەم پرۆژەیە گیانی هاووڵاتییانی لە مەترسی ڕزگار کرد و سیمایەکی شارستانی بە ناوچەکە بەخشیوە."
تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە، جگە لە کەمکردنەوەی جەنجاڵی و ڕووداوەکانی هاتووچۆ، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بوژانەوەی کەرتی گەشتیاری و بازرگانی ناوچەکە دەبێت.
لە 10ی تشرینی یەکەمی 2024 بەردی بناغەی پرۆژەکە دانرا، کە لەلایەن کۆمپانیای "هێمن گرووپ"، کە کۆمپانیایەکی ناخۆی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.