شەرع مەرسوومێکی کۆماریی دەرکرد

سەرۆکی سووریا مەرسوومێکی کۆماریی دەرکرد، کە تێیدا دان بە بەشێک لە مافەکانی کورددا دەنێت، هەروەها زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی دەناسێنێت و، بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدات بۆ گەڕاندنەوەی ڕەگەزنامە بۆ ئەو کوردانەی بەهۆی سەرژمێریی ساڵی 1962ـەوە لێی بێبەش کرابوون.

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، ئەمڕۆ هەینی 16ـی کانوونی دووەمی 2026، مەرسوومی کۆماریی ژمارە 13ـ بۆ ساڵی 2026 دەرکرد. مەرسوومەکە کۆمەڵێک بڕیار لەخۆدەگرێت کە پەیوەستن بە پێگەی یاسایی، کولتووری و سیاسیی کورد لە سووریا.

بە گوێرەی ماددەی یەکەمی مەرسوومەکە، بە فەرمی دان بەوەدا نراوە کە "هاووڵاتییانی کوردی سووریا بەشێکی بنەڕەتی و ڕەسەنی گەلی سووریان" و ناسنامەی کولتووری و زمانییان بە بەشێکی دانەبڕاو لە ناسنامەی نیشتمانیی فرەچەشنی سووریا ئەژمار کراوە.

هەروەها لە ماددەی دووەمدا، دەوڵەت پابەند کراوە بە پاراستنی فرەیی کولتووری و زمانی، هەروەها گەرەنتی مافی هاووڵاتییانی کورد دەکات لە بووژاندنەوەی کەلەپوور، هونەرەکانیان و پەرەپێدانی زمانی دایکیان لە چوارچێوەی سەروەریی نیشتمانیدا.

سەبارەت بە پرسی خوێندن، ماددەی سێیەم ئاماژە بەوە دەکات کە "زمانی کوردی زمانێکی نیشتمانییە" و ڕێگە دەدرێت لە قوتابخانە حکوومی و تایبەتەکاندا لەو ناوچانەی کە کورد ڕێژەیەکی بەرچاوی دانیشتووان پێکدەهێنێت، وەک بەشێک لە پڕۆگرامە بژاردەکان (الاختیاریة) یان وەک چالاکییەکی کولتووریی فێرکاری بخوێندرێت.

 

چارەکردنی دۆسیەی سەرژمێریی 1962

یەکێک لە گرنگترین بڕگەکانی ئەم مەرسوومە، ماددەی چوارەمە کە تێیدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کارکردن بە سەرجەم ئەو یاسا و ڕێوشوێنە نائاساییانە دراوە کە لە دەرەنجامی سەرژمێریی ساڵی 1962 لە پارێزگای حەسەکە کەوتبوونەوە.

بەپێی ئەم ماددەیە، ڕەگەزنامەی سووری دەبەخشرێتە سەرجەم هاووڵاتییانی بە ڕەگەز کورد کە لەسەر خاکی سووریا نیشتەجێن، بەوانەشەوە کە لە تۆمارەکاندا بە بێناسنامە ناسراون، و یەکسانیی تەواویان لە ماف و ئەرکەکاندا لەگەڵ هاووڵاتییانی دیکە بۆ دەستەبەر دەکرێت.

 

نەورۆز وەک پشووی فەرمی

لە ماددەی پێنجەمی مەرسوومەکەدا هاتووە، ڕۆژی 21ـی ئادار، کە یەکەم ڕۆژی جەژنی نەورۆزە، لە سەرانسەری وڵاتدا پشووی فەرمی دەبێت، هەروەها نەورۆز جەژنێکی نیشتمانی و برایەتییە.

هەروەها لەسەر ئاستی دامەزراوەکان، ماددەی شەشەم دامەزراوە میدیایی و پەروەردەییەکان پابەند دەکات بە پەیڕەوکردنی گوتارێکی نیشتمانی، بەپێی یاسا، هەر جۆرە جیاکاری یان پەراوێزخستنێک لەسەر بنەمای نەژادی یان زمانی قەدەغە دەکات و سزای توند بۆ هەر کەسێک دیاری دەکات کە هەوڵی نانەوەی ئاژاوەی نەتەوەیی بدات.