مەزڵووم عەبدی: کشانەوەی هێزەکانمان لەسەر داوای وڵاتانی دۆست و نێوەندگیرە
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند: لە هەنگاوێکی ستراتیژیدا بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و وەک وەڵامێک بۆ دەستپێشخەریی وڵاتانی دۆست، بڕیاری پاشەکشەکردنی هێزە سەربازییەکانمان بۆ ڕۆژهەلاتی فورات دا.
هەینی، 16ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس)، نووسیویەتی: بڕیارێکی یەکلاکەرەوەمان سەبارەت بە دۆخی مەیدانیی ڕۆژهەڵاتی حەلەب دەرکرد و، هێزەکانمان بەرەو ڕۆژهەڵاتی فورات دەکشێنینەوە.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە، دەڵێت: لە وەڵامی داواکاری وڵاتانی دۆست و نێوەندگیر، هەروەها بۆ دەربڕینی نیازپاکی لە بەرانبەر جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار، بڕیاری کشانەوەی هێزەکانمان دا.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانیان، سبەی شەممە 17ـی کانوونی دووەمی 2026، لە کاتژمێر 7ـی بەیانییەوە دەست پێ دەکات. گوتیشی: ئەم بڕیارەمان بە ئامانجی دووبارە جێگیرکردنەوەی هێزەکانمان لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات داوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ ڕێگرتن لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان و پاراستنی ڕێککەوتنە سیاسی و سەربازییەکانی پێشوو.
هەروەها بڕیارە سبەی شەممە مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرار (هەسەدە) لە هەولێر، لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا کۆبێتەوە.
کۆبوونەوەکە بە نێوەندگیریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سووریا بە گشتیی و دوایین گرژی و ناکۆکییەکانی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا تاوتوێ دەکرێت.