روانگەی ئیکۆ عێراق: خەرجییەکانی دەوڵەت زۆر زیاتر بووە لە داهات
روانگەی ئیکۆ عێراق رایگەیاند، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و زۆریی خەرجییەکانەوە، داهاتی گشتیی دەوڵەت توانای پڕکردنەوەی خەرجییەکانی نەماوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی روانگەی ئیکۆ عێراق، تاوەکو مانگی تشرینی یەکەمی 2025، قەبارەی کورتهێنانی دارایی لە عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 24 ترلیۆن و 680 ملیار دینار ئەم ژمارەیەش مانگانە ڕوو لە هەڵکشانە.
ئاماژەی بەوەشکرد، داتاکان دەریدەخەن کە کۆی داهاتی دەوڵەت لەو ماوەیەدا نزیکەی 103 ترلیۆن و 514 ملیار دینار بووە، کە نزیکەی 93 ترلیۆن دینار تەنیا لە داهاتی نەوتەوە بووە، داهاتی نانەوتیش تەنیا زیاتر لە 10 ترلیۆن دینار بووە.
روانگەی ئیکۆ عێراق باسی لەوەشکردووە، کۆی خەرجییەکانی دەوڵەت زۆر زیاتر بووە لە داهات و گەیشتووەتە زیاتر لە 128 ترلیۆن دینار
روانگەکە هۆشداری دەدات کە خەرجییە بەردەوامەکان وەک مووچە و خزمەتگوزارییەکان، قورساییەکی گەورەیان دروستکردووە، بەجۆرێک کە بڕی 96 ترلیۆن و 378 ملیار دیناریان بۆ تەرخانکراوە.