لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نرخەکان چەند هێندە بەرزبوونەتەوە
خەڵک بۆ کڕینی نان نۆرە دەگرن
هەرچەندە دامەزراوەی "نێت بلۆکس" بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ بە 2% هێڵی ئینتەرنێت لە ئێران گەڕێنراوەتەوە بەڵام بازاڕ و چالاکییە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە پەککەوتوون. بەهای تومەن لە نزمیدایە و ژیانی خەڵک بە شێوەیەکی بەرچاو قورستر بووە.
پەککەوتنی بانکەکان؛
دابەزینی بەهای تومەن کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر بازاڕەکان و بەرزبونەوەی نرخی شتومەکەکان هەبووە. بەهۆی تێکچوونی بارودۆخەکەوە، ژمارەیەک لە بانکەکان چالاکییەکانی خۆیان ڕاگرتووە، ئەمە وای کردووە هاووڵاتییان نەتوانن سوود لە هەژمارە بانکییەکانیان وەربگرن و پارەی پێویستیان لەبەردەستدا بێت.
نۆرەگرتن بۆ کڕینی نان؛
شایەتحاڵێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، دۆخی ئابووریی خەڵک زۆر شپرزەیە و نرخی شتومەکە سەرەکییەکان سێ تاوەکو چوار هێندە گران بوون. ئەو شایەتحاڵە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت گوتی: "ڕاستە نرخی نان حکومییە، بەڵام دەستناکەوێت؛ هاووڵاتییان بۆ دابینکردنی نان چەند کاتژمێرێک لە نۆرەدا دەوەستن، خۆم چەند ڕۆژ لەمەوبەر چوار کاتژمێر لە نۆرەدا مامەوە تاوەکو نانم دەستکەوت."
ئەو شایەتحاڵە ئاماژەی بەوەش کرد، بەرهەمە خۆراکییە بنەڕەتییەکانی وەک برنج، ڕۆن و شەکر لە مارکێتەکاندا دەستناکەون و ئەگەر هەشبن بە گرانی دەفرۆشرێن.
نرخی 10 کیلۆ برنج پێشتر بە یەک ملیۆن و 500 هەزار تومەن بوو، ئێستا بە چوار ملیۆن تومەن دەستناکەوێت. نرخی دەبەیەک ڕۆن لە 350 هەزار تومەنەوە بۆ یەک ملیۆن و 500 هەزار تومەن گرانبووە.
دۆخی بازاڕ و بەهای دۆلار؛
لە ئێستادا خەڵک لە لایەک پارەیان نییە شتومەک بکڕن، لە لایەکی تریشەوە ئەگەر پارەشیان هەبێت، کارتە بانکییەکانیان کار ناکات.
بەر لەیەک هەفتە بەهای هەر دۆلارێک 144 هەزار تومەن بوو بەڵام کۆتا جار لە بۆرسەی تاران ڕاگەیەندرا بێت 145 هەزار تومەن بووە. هەرچەندە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نرخەکە بەرزترە بەڵام هێشتا ڕوون نییە دوای کردنەوەی تەواوەتیی بازاڕەکان و گەڕانەوەی ئینتەرنێت، بەهای تومەن زیاتر دادەبەزێت یان جێگیر دەبێت.