بەهۆی شەڕەوە ڕەققە بێ ئاو بووە
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆخی مرۆیی و سەربازی لە شاری ڕەققە و دەوروبەری گەیشتە ئەوپەڕی ئاڵۆزی. بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی ڕەققە، ئاوی خواردنەوەی شارەکە بە تەواوی پچڕاوە، ئەمەش دوای ئەوەی بۆرییە سەرەکییەکانی گواستنەوەی ئاو بەهۆی بۆردومانەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) زیانیان پێگەیشتووە و لە کار کەوتوون.
لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبی سووریا لە بەیاننامەیەکدا سەرکەوتنی سەربازی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانیان توانیویانە شاری ستراتیژی تەبقە، فڕۆکەخانەی سەربازیی تەبقە و بەنداوی فورات بە تەواوی کۆنترۆڵ بکەن و چەکدارانی کورد لەو ناوچانە دەربکەن.
هەر بەگوێرەی زانیارییە سەربازییەکانی دیمەشق، سوپای عەرەبی سووریا دەستی بەسەر بەنداوی مەنسوورە و شارۆچکەکانی ڕەتڵە و حەمامدا گرتووە و لە ئێستادا هێزەکانیان تەنیا 5 کیلۆمەتر لە دەروازەی ڕۆژئاوای شاری ڕەققەوە دوورن.
لە بەرامبەردا، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سەرلەبەری ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە. هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە تۆمەتی تەقاندنەوەی بۆرییەکانی ئاو تەنیا پڕوپاگەندەی دیمەشقە و هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە.
سەبارەت بە دۆخی مەیدانیش، هەسەدە ڕەتیکردەوە شاری تەبقە و بەنداوەکان کەوتبێتنە دەست سوپای سووریا و جەختیان کردەوە شەڕڤانانیان بەرپەرچی هێرشەکانی سوپایان داوەتەوە و ڕێگەیان نەداوە هیچ پێشڕەوییەک بەرەو ناوچە ستراتیژییەکان ئەنجام بدرێت.