عەبدوڵڵا ئۆجەلان: ئەوەی لە سووریا روودەدات هەوڵێکە بۆ تێکدانی پرۆسەی ئاشتی
شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاوکردەوە و رایانگەیاندووە، ڕۆژی 17ـی کانوونی دووەم سەردانی ئیمرالییان کردووە و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان کۆبوونەوەکەییان ئەنجامداوە کە نزیکەی دوو کاتژمێر و نیوی خایاندووە.
لە میانی دیدارەکەدا ئۆجەلان پابەندبوونی خۆی بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی و بەردەوام بوونی لەسەر بانگەوازی 27ـی شوبات دووپات کردەوە، لەم چوارچێوەیەشدا جارێکی دیکە جەختی لە گرنگی هەنگاوی پێویست بۆ پێشخستنی پرۆسەکە کردەوە.
لە راگەیەنەدراوەکەدا هاتووە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە پێشهاتەکانی سووریا بوو، ئۆجەلان ڕایگەیاند، زۆر نیگەرانە لە پێشهاتەکان و پەرەسەندنی گرژییەکان، هەروەها بە هەوڵێک بۆ تێکدانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی دەزانێت. هاوکات ئۆجەلان جەختی کردەوە، هەموو کێشەکان لە سووریا تەنیا بە وتووێژ و دانوستان و ژیری چارەسەر دەکرێن و پێویستیشە چارەسەر بکرێن.
ئۆجەلان ڕاشیگەیاند، ئامادەیە بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی ئەم پرسە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت و لە ململانێ دوور بکەوێتەوە، بانگەوازی خۆشی دووپات کردەوە، هەموو لایەنەکان ڕۆڵی ئەرێنی خۆیان بگێڕن و بەرپرسیارانە و بە پەرۆشانە لەم بابەتەدا مامەڵە بکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە ڕۆژی هەینی، 16ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس)، نووسیویەتی: بڕیارێکی یەکلاکەرەوەمان سەبارەت بە دۆخی مەیدانیی ڕۆژهەڵاتی حەلەب دەرکرد و هێزەکانمان بەرەو ڕۆژهەڵاتی فورات دەکشێنینەوە.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە، گوتی: لە وەڵامی داواکاری وڵاتانی دۆست و نێوەندگیر، هەروەها بۆ دەربڕینی نیازپاکی لە بەرانبەر جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار، بڕیاری کشانەوەی هێزەکانمان دا.
هاوکات پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانیان، ئەمڕۆ شەممە 17ـی کانوونی دووەمی 2026، لە کاتژمێر 7ـی بەیانییەوە دەستیپێکرد.
هەر لەهەمان رۆژدا، ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ناوچەی "دەبسی عەفنان" پێکدادان دروستبووە، دەشڵێت، "ئەمە هێرشێکی بە ستەم بووە، چونکە بەپێی رێککەوتنەکە ئاگربەست هەبووە و مۆڵەتی 48 کاتژمێر دیاری کرابوو تا هێزەکانمان لە دێر حافر و مەسکەنە بکشێنەوە."
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، حکوومەتی دیمەشق پێش تەواوبوونی وادەی کشانەوەکە، کاروانی سەربازی و تانکی بردووەتە ناوچەکە و هێرشی کردووە.
هەسەدە لایەنە نێودەوڵەتییەکان کە چاودێری ڕێککەوتنەکەیان کردووە، بە بەرپرسیار دەزانێت لەم خوێنڕشتنە و داوای دەستوەردانی بەپەلە دەکات بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی دیمەشق، پێش ئەوەی دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت.