سبەی كۆڕبەندی داڤۆس لە سویسرا بەڕێوەدەچێت
لە 19ـی ئەم مانگە 56ـەمین لوتکەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە شارۆچکەی داڤۆس لە سویسرا بەڕێوەدەچێت، نزیکەی سێ هەزار سەرکردە و داهێنەر و خاوەن و بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکان لەژێر دروشمی "روحی گفتوگۆ"، لەو کۆڕبەندە بەشدار دەبن.
کۆڕبەندی داڤۆس لەلایەن ئابووریناسێکی ئەڵمانی لە ساڵی 1971 دامەزرێنراوە بە ئامانجی باشترکردنی دۆخی جیهان و کەرتی گشتی و تایبەت بەیەکەوە کار بکەن و رێککەوتنی بازرگانی و وەبەرهێنان بکرێت.
لە کەشوهەوایەکی ساردی شاری داڤۆسی سپی پۆش لە سویسرا، یەکێك گەرموگوڕترین لوتکەکانی جیهان بەڕێوەدەچێت، ئەویش کۆڕبەندی ئابووری جیهانییە، کە تێیدا گفتوگۆ لەسەر ئابووری، سیاسەت و گەورەترین ئاڵنگارییەکان دەکرێت و دەرهاوێشتەکەی کاریگەری لەسەر هەموو جیهان دەبێت.
مێژووی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی بۆ ساڵی 1971 دەگەڕێتەوە و لەلایەن ئابووریناسێکی ئەڵمانی بەناوی کلاوس شواب دامەزرێنرا و سەرەتا بە ناوی کۆڕبەندی ئیدارەدانی ئەوروپی دەستیپێکرد و دواتر لە ساڵی 1987 بە فەرمی ناوی کرایە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی.
کلاوس شواڤ شاری داڤۆسی لە سویسڕا بۆ بەڕێوەچوونی لوتکەکە هەڵبژاردووە چونکە نیشانەیەکە بۆ بێلایەنی و دوورە لە ململانێی سیاسی و بەمەش دەبێتە هاندەرێك بۆ گفتوگۆیەکی راشکاوانە لەنێوان ئەو لایەنانەی تێیدا بەشدارن.
ئەمساڵ 56ـەمین کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس لە 19ـی کانوونی دووەم دەستپێدەکات و تا 23ـی کانوونی دووەم بەردەوام دەبێت، نزیکەی سێ هەزار سەرکردە، خاوەن کۆمپانیا، داهێنەر لەبواری تەکنەلۆژیا و چەندین کەسایەتی دیکە لە سەرو 130 وڵاتەوە بەشدار دەبن، ئەمساڵ کۆڕبەندی داڤۆس لەژێر ناونیشانی رووحیەتی گفتوگۆ بەڕێوەدەچێت.
ئامانج لە بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی باشترکردنی دۆخی جیهانە لەڕێگەی بەیەکەوەکارکردنی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت، ئەویش لەڕێگەی ئەوەی سەرکردە لە حکوومەتەکانی جیهان، بازرگانە گەورەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی کۆ بکاتەوە تا کار لەسەر ئاڵنگارییەکان بکەن.
یەکێك لە گرنگترین کار و ئەنجامەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی راپۆرتی مەترسی جیهانییە کە ساڵانە ئامادە دەکرێت سیاس حکوومەت و کۆمپانیاکان وەك نەخشەرێگایەك بەکاریدەهێنن. لە کۆڕبەندی داڤۆس چەندین رێککەوتن بۆ وەبەرهێنان و زەمینەسازکردنی بازرگانی راگەینراوە، چەندین دەستپێشخەری لە بواری ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا کراوە و چوارچێوە بۆ کارەکانی تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد دانراوە.