وەزیری ڕاگەیاندنی سووریا: ئەم ئێوارەیە ئاگربەست ڕادەگەیەندرێت
وەزیری ڕاگەیاندنی سووریا ئاشکرای دەکات، وڵاتەکەی چاوەڕێی ڕاگەیەندراوێکی زۆر گرنگ دەکات کە پەیوەندیی بە ئایندەی سەربازی و سیاسیی ناوچەکە و چارەنووسی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)وە هەیە، بە جۆرێک کە ئەو هێزانە بە تەواوەتی لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا جێگیر دەکرێن.
حەمزە مستەفا، وەزیری ڕاگەیاندنی سووریا ڕایگەیاند: بڕیارە دوای کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، زانیاری و وردەکاریی گرنگ دەربارەی ئەنجامی گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست بڵاو بکرێتەوە، تەوەرەی سەرەکیی ئەم ڕاگەیەندراوە چاوەڕوانکراوە، بریتی دەبێت لە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ تێکەڵبوونەوەی تەواوەتیی هێزەکانی هەسەدە لەناو دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی سووریادا.
وەزیری ڕاگەیاندن ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئێستا ڕاوێژ و گفتوگۆ چڕەکان لەمبارەیەوە بەردەوامن و گەیشتوونەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە ناکۆکییە چەکدارییەکان و گەڕاندنەوەی یەکپارچەیی بۆ دامەزراوە سەربازی و کارگێڕییەکانی وڵات.
داهاتووی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتیاندایە، بۆ ماوەی چەندین ساڵ یەکێک بووە لە گەورەترین گرێکوێرەکانی قەیرانی سووریا، لە کاتێکدا دیمەشق هەمیشە جەختی لەسەر گەڕانەوەی هەموو هێزە چەکدارەکان بۆ ژێر فەرمانی سوپای سووریا کردووەتەوە، هەسەدەش داوای پاراستنی تایبەتمەندیی سەربازی و دانپێدانانی سیاسیی کردووە، گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ تێکەڵبوونی تەواوەتی، دەکرێت ببێتە وەرچەرخانێکی گەورە لە کۆتاییهێنان بە ململانێ نێوخۆییەکانی سووریا و گۆڕینی نەخشەی هاوسەنگیی هێز لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدا.