دەستەی ناوخۆی کانتۆنی جزیرە قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەری ڕاگەیاند

دەستەی ناوخۆی کانتۆنی جزیرە بە مەبەستی پاراستنی دۆخی ئەمنی، قەدەغەی هاتووچۆی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان ڕاگەیاند، کە لە ئەمڕۆوە دەست پێدەکات و ڕۆژانە لە کاتژمێر 7:00ی ئێوارەوە بۆ 7:00ی بەیانی بەردەوام دەبێت.

دەستەی ناوخۆی کانتۆنی جزیرەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی کانوونی دووەمی 2026، بڕیاری سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کانتۆنەکە دەرکرد.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، قەدەغەی هاتووچۆکە ئەمڕۆ لە کاتژمێر 7:00ی ئێوارەوە دەست پێدەکات تاوەکوو کاتژمێر 7:00ی بەیانی و ئامانج لێی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییە.

دەستەکە ڕوونیشی کردووەتەوە، لە ماوەی دیاریکراودا هاتووچۆ بۆ هەمووان قەدەغەیە و تەنیا ڕێگە بە هێزە سەربازی و ئەمنییەکان دەدرێت جموجۆڵ بکەن.

بڕیارەکە لە کاتی دەرچوونییەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکوو ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە بەردەوام دەبێت، داواش لە هاووڵاتییان کراوە بە تەواوی پابەندی ڕێنماییەکان بن.