وەزارەتی دەرەوەی سووریا: یەکگرتوویی گەلی سووریا بنچینەی سەقامگیرییە
وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە ڕاگەیەنراوێکدا جەختی لەوە کردەوە، یەکڕیزیی گەلی سووریا و یەکگرتوویی هەموو پێکهاتەکانی، بنەمایەکی پتەوە بۆ سەقامگیریی بەردەوامی وڵاتەکە.
یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سووریا، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، سووریای نوێ لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون دامەزراوە و فرەچەشنیی کۆمەڵگەی سووری وەک سەرچاوەی هێز، وڵاتەکە دەوڵەمەندتر دەکات.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، یەکگرتوویی و یەکریزیی گەلی سووریا، بنەمایەکی پتەوە بۆ سەقامگیریی بەردەوامی وڵاتەکە، لەسەر بنەمای ئەم تێڕوانینە، دەوڵەتی سووریا بەردەوامە لە هەنگاوە کردەییەکانی بۆ چەسپاندنی یەکڕیزیی دامەزراوەکان و سەروەریی نیشتمانی بەسەر تەواوی خاکی سووریادا.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەحمەد شەرع، مەرسوومی سەرۆکایەتیی ژمارە (13)ی بۆ ساڵی 2026 دەرکرد، کە تێیدا بە دەق دان دەنێت بە مافە ڕۆشنبیری و کولتوورییەکانی کوردانی سووریا، هەروەها چارەکردنی دۆسیە یاسایی و مەدەنییەکانی تایبەت بە بێ ناسنامەکان و دۆسیەکانی موڵکداری کە لە دەیان ساڵی ڕابردوودا کەڵەکە بوون. وەزارەتی دەرەوە ئەم هەنگاوەی بە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی سیاسی و یاسایی وەسف کرد بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی گشتگیر کە دادپەروەری بۆ هاووڵاتیانی دابین دەکات و مافەکانیان دەپارێزێت، دوور لە پەراوێزخستن و جیاکاری.