عادل باخەوان: ڕۆژئاوا لە دۆخێکی سەخت دایە

عادل باخەوان ڕایدەگەیەنێت، سەرەڕای بەخشینی 12 هەزار شەهید بۆ جیهان، دیپلۆماسیی کوردی نەیتوانی لە کاتی پێویستدا هیچ ڕێککەوتنێکی نووسراو لەگەڵ زلهێزەکان واژۆ بکات و تەنیا بە بەڵێنی زارەکی ڕازی بووە بووە، ئەمەش وای کردووە ئێستا داهاتووی ڕۆژئاوای کوردستان لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدا بێت.

بەڕێوەبەری دامەزراوەی ئەوروپی بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوە، ڕەخنەی توند لە عەقڵیەتی دیپلۆماسیی کوردی دەگرێت لە سەردەمی شەڕی داعشدا و ڕایدەگەیەنێت، کورد پشتی بە هاوپەیمانیی زارەکی بەستووە و لەو کاتەی جیهان پێویستی پێی بووە، نەیتوانیوە هیچ گرەنتییەکی نووسراو بەدەست بهێنێت.

لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24، عادل باخەوان ڕایگەیاند: 10 بۆ 12 هەزار شەهید دراوە لەپێناو ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی لە تاعوونی داعش، وێنەی شەڕڤانان و پێشمەرگە لە شەقامەکانی پاریس، واشنتن، لەندەن و نیویۆرک بەرزکرانەوە و سەدان فیلم لەسەر پاڵەوانێتییان دەرهێنرا، بەڵام هەموو ئەمانە بەبێ ستراتیژ بوو.

ناوبراو دەپرسێت، بۆچی عەقڵی دیپلۆماسیی کوردی لەو کاتەی هەموو جیهان پێویستی بە ئێمە بوو، هیچ وەرەقە و بەڵگەنامەیەکی ئیمزا نەکرد؟ بۆچی ئێمە تەنیا لەسەر بنەمای هاوپەیمانیی زارەکی لەگەڵ ئەمەریکا و ئەوروپا ماینەوە؟

بە بڕوای باخەوان، کورد بەبێ بەرانبەر و بەبێ زامنکردنی داهاتوو، خوێنی ڕۆڵەکانی خۆی بەخشیوە. سەبارەت بە داهاتووی دۆخی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، عادل باخەوان ئاماژەی بەوە دا، پێشبینیکردن زۆر سەختە و دۆخەکە لە نێوان مانەوەی یەکجارەکی یان لەناوچوونی یەکجارەکیدایە.

بەڕێوەبەری دامەزراوەی ئەورووپی بۆ توێژینەوە، داهاتووی ناوچەکەی بەستەوە بە چەند فاکتەرێکەوە، ئەوانیش، پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا، سرووشتی پەیوەندییەکانی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئەمەریکا و ئەوروپا و چۆنیەتی ئیدارەدانی پەیوەندییەکانی نێوان هێزە کوردییەکان (پەیوەندیی نێوان هەولێر و قامیشلۆ).