سەرۆک بارزانی: مەرسوومەکەی سەرۆکی سووریا هەنگاوێکی دروستە و بنەمایەکە بۆ داهاتوو
سەرۆک بارزانی و شەرع باسیان لە ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق کرد. هاوکات سەرۆک بارزانی مەرسوومەکەی شەرعی بە هەنگاوێکی دروست و بنەمایەکەی پتەو بۆ داهاتووی کورد لە سووریا پێناسە کرد.
یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆك مەسعود بارزانی، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سووریاوە پێ گەییشت.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی گۆڕەپانی سووریا كرا.
شەرع وێڕای خستنەڕووی ناوەڕۆكی ڕێككەوتنامەی نێوان حکوومەت و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، جەختی لەوە كردەوە كە ڕەچاوی تەواوی مافەكانی كورد لە سووریا دەکرێت و پارێزراو دەبن. هەروەها دڵنیایی دا کە کێشە و گرفتەكان بەپێی بەندەکانی ڕێككەوتنەکان چارە دەكرێن.
لای خۆیەوە، سەرۆك بارزانی لە پەیوەندییەکەدا جەختی لە "پێویستیی گەرەنتیكردنی مافەكانی گەلی كورد" کردەوە وەک بەشێک لە چارەی کۆتایی.
سەبارەت بە بڕیارە نوێیەکانی دیمەشقیش، سەرۆک بارزانی دەرچوونی مەرسوومی سەرۆكی سووریا لەبارەی داننان بە مافەكانی كورد، بە "هەنگاوێكی دروست" لە قەڵەم دا و ڕایگەیاند کە دەكرێ ئەم مەرسوومە ببێتە بنەمایەكی پتەو و ئەرێنی بۆ ئەوەی سیاسەتی داهاتوو لەسەر مافەکانی کورد لە سووریا لەسەر بنیات بنرێت.
دوێنێ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیاند.
ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕێککەوتنەکە بریتی بوو؛ لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست و بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.