ژمارەی گیانلەدەستدانی رووداوی پێکدادانی دوو شەمەندەفەرەکەی ئیسپانیا گەیشتە 39 کەس
لە رووداوێکی کارەستباردا لە باشووری ئیسپانیا شەوی رابردوو بەهۆی دەرچوون و پێکدادانی دوو شەمەندەفەری خێرا، زیاتر لە 20 کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.
وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا رایگەیاند، لە ئەنجامی لە ڕێڕەو دەرچوونی دوو شەمەندەفەر لە نزیک شاری (ئادامۆس) لە هەرێمی ئەندەلوس، 24 کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.
ئۆسکار پۆینتێ، وەزیری گواستنەوەی ئیسپانیا رایگەیاند، پرۆسەی گواستنەوەی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکان کۆتایی هاتووە. ناوبراو ئاشکرای کرد، "30 لە بریندارەکان دۆخی تەندروستییان مەترسیدارە و لەژێر چاودێری چڕدان".
ئیدارەی تۆڕی هێڵی ئاسنی ئیسپانیا (ئەدیف)، چۆنیەتی رووداوەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، شەمەندەفەرێکی کۆمپانیای (ئیریۆ) کە زیاتر لە 300 سەرنشینی هەڵگرتبوو و لە مەلەگاوە بەرەو مەدرید دەڕۆیشت، لە نزیک شاری ئادامۆس لە رێڕەوی خۆی دەرچووە و لایداوە بۆ سەر رێڕەوەکەی تەنیشتی.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەمان کاتدا، شەمەندەفەرێکی دیکەی کۆمپانیای (رێنفی) کە زیاتر لە 100 سەرنشینی تێدابووە، بەو رێڕەوەدا تێپەڕیوە و هەردوو شەمەندەفەرەکە بەیەکیاندا کێشاوە و ئەم کارەساتەی لێکەوتووەتەوە.
خێزانی شاهانەی ئیسپانیا نیگەرانی قووڵی خۆیان دەربڕی و هاوخەمییان بۆ کەسوکاری قوربانیان راگەیاند، هاوکات پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا جەختی کردەوە، حکوومەت بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات و هەموو تواناکانی خستووەتەگەڕ.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکوومەت لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان و تیمەکانی فریاکەوتن کاردەکات بۆ هاوکاریکردنی سەرنشینەکان"، هەروەها بەهۆی رووداوەکەوە، هاتوچۆی شەمەندەفەر لەسەر هێڵی سەرەکی نێوان مەدرید و ئەندەلوس بۆ ماوەیەکی نادیار راگیراوە.
نوێکراوەتەوە
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستی کردەوە، کە ژمارەی قوربانیانی پێکدادانی دوو شەمەندەفەرەکە بەرزبووەتەوە و لانی کەم 39 کەس گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی رووداوەکە نزیکەی 123 کەس برینداربوون، کە دۆخی پێنج لە بریندارەکان زۆر مەترسیدارە و 24 کەسی دیکەشیان برینەکانیان سەختە.
