لە داڤۆس، 'ماڵی کوردستان' دەبێتە سەکۆی دیالۆگ و هاوبەشیی ئابووریی جیهانی
لە چوارچێوەی 56ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆسی سویسرا، "ماڵی کوردستان" بۆ جارێکی دیکە دەرگاکانی بە ڕووی بەشداربووان و میوانانی کۆڕبەندەکەدا دەکاتەوە.
پلاتفۆڕمێک بۆ نمایشکردنی کوردستان
ماڵی کوردستان، بۆ یەکەمجار لە کۆڕبەندی داڤۆسی ساڵی 2024 لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرایەوە. وەک پلاتفۆڕمێکی تایبەت کاردەکات بۆ نمایشکردنی تواناکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی بۆ جیهانی دەرەوە.
ئامانجی سەرەکیی ئەم ماڵە، کردنەوەی دەروازەیەکە بۆ پیشاندانی پۆتانسییەلی هەرێم وەک ناوەندێک بۆ وەبەرهێنان و داهێنان، هەروەها پەرەپێدانی دەرفەتەکان بۆ هاوبەشیی جیهانی و گەشەی ئابووری.
دیدگا و ئامانجەکان
دیدگای ماڵی کوردستان، بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێز و پێشکەوتووە کە بەشدارییەکی کارا لە سەقامگیریی ناوچەیی و پێشکەوتنی جیهانیدا بکات. ئەم ماڵە پابەندە بە فراوانکردنی تێگەیشتن و فرەڕوانگەیی و دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی هەرێم، ناوچەکە و جیهان دەبنەوە. ئامانج لەم دەستپێشخەرییە، هاندانی هاوکاری و دروستکردنی گۆڕانکاریی ئەرێنییە لەڕێگەی گفتوگۆی ئامانجدار و ئاڵوگۆڕی بیروڕاوە.
چالاکییەکانی ماڵی کوردستان لە داڤۆس 2026
لە ماوەی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی 2026، ماڵی کوردستان ڕۆژانە پێشوازی لە میوانان و بەشداربووان دەکات. دەرگای کراوە دەبێت بۆ گفتوگۆی بەسوود و ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەربارەی دەرفەت و ئاستەنگە ناوچەیی و جیهانییەکان، ئەمەش لەگەڵ پێشکەشکردنی میوانداریی کوردەواری و "چای کوردی".
ئەمساڵ، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە ماڵی کوردستان چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتان و خاوەنکار و ئابووریناسانی جیهاندا دەبێت.
بەشداریی شاندێکی فراوانی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان یاوەریی سەرۆک وەزیران دەکەن، کە ئەمەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ دروستکردنی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەبەرهێنەرانی بیانی و هاندانیان بۆ وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکانی وەک پیشەسازی و کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستاندا.