چین؛ رێژەی لەدایکبوون نزمترین ئاستی مێژوویی تۆمارکرد

داتا فەرمییەکانی چین ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2026 بڵاوکرانەوە، نیشانی دەدەن رێژەی لەدایکبوون لەو وڵاتەدا بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی دابەزیوە. ئەمە چوارەم ساڵی لەسەریەکە ژمارەی دانیشتووانی چین رووی لە کەمی کردووە، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ قووڵبوونەوەی قەیرانی دیمۆگرافی لە دووەم گەورەترین ئابووری جیهاندا.

بە گوێرەی نوێترین راپۆرتی نووسینگەی نیشتمانی ئاماری چین (NBS)، لە ساڵی رابردوودا تەنیا 7.92 ملیۆن لەدایکبوون تۆمار کراوە، دەکاتە 5.63 لەدایکبوون بۆ هەر هەزار کەسێک. ئەم ژمارەیە بە نزمترین ئاست دادەنرێت لەوەتەی دەستپێکردنی تۆمارە فەرمییەکان لە ساڵی 1949، ئەو ساڵەی کۆماری گەلی چینی تێدا دامەزرا.

ئەم دابەزینە لە کاتێکدایە، کە لە ساڵی 2024دا جۆرێک لە بەرزبوونەوەی کاتیی بەدی دەکرا 6.77 لەدایکبوون بۆ هەر هەزار کەسێک، بەڵام ئامارەکانی ساڵی رابردوو هەموو ئەو هیوایانەیان لەبار برد کە پێشبینی دەکرای گۆڕانکاری لە سیاسەتەکاندا دابەزینەکە خاو بکاتەوە.

لە بەرامبەر دابەزینی لەدایکبووندا، ئامارەکان نیشانی دەدەن کە چین لە ساڵی 2025دا 11.31ملیۆن حاڵەتی مردنی تۆمار کردووە (8.04 مردن بۆ هەر هەزار کەسێک). بەمەش ژمارەی دانیشتووان بە رێژەی 2.41 کەس لە هەر هەزار کەسێک دابەزینی پاکی بەخۆوە بینیوە، ئەمەش ناهاوسەنگییەکی گەورە لە نێوان لەدایکبوون و مردندا نیشان دەدات.

سەرەڕای ئەوەی پەکین لە ساڵی 2016 کۆتایی بە سیاسەتی "یەک منداڵ" هێنا و دواتر رێگەی بە هەبوونی سێ منداڵ دا، بەڵام نەیتوانیوە رەوتەکە پێچەوانە بکاتەوە. حکوومەت کۆمەڵێک ئیمتیازی وەک (یارمەتی دارایی، کەمکردنەوەی باج، درێژکردنەوەی مۆڵەتی دایکایەتی و باوکایەتی) راگەیاندووە، بەڵام ئەم هەنگاوانە نەبوونەتە هۆی هاندانی هاوسەرەکان بۆ منداڵبوون.

پسپۆڕان دەڵێن واقیعە سەختەکان رێگرن لەبەردەم گەنجان، لەوانە:

بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و خانووبەرە.
فشاری زۆری کار و نائەمنیی لە وەدەستخستنی پیشە.
تێچووی زۆری پەروەردە و چاودێری منداڵ.
گۆڕانی بیرکردنەوەی گەنجان و زیادبوونی بەشداریی ژنان لە خوێندنی باڵا و بازاڕی کاردا.

دیمۆگرافیناسان هۆشداری دەدەن کە پیربوونی خێرای دانیشتووان و کەمیی هێزی کار، مەترسییەکی درێژخایەن لەسەر گەشەی ئابووری چین و سیستەمی چاودێری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی دروست دەکات. پسپۆڕان لایانوایە، چین پێویستی بە چاکسازیی پێکهاتەیی قووڵتر هەیە بۆ کەمکردنەوەی تێچووی ژیان و گەڕاندنەوەی متمانە بۆ گەنجان، ئەگەر بیەوێت پێش بەم دابەزینە مێژووییە بگرێت.