سامان سۆرانی: متمانەی وەبەرهێنەرانی بیانی بە هەرێمی کوردستان زیاتر بووە
سامان سۆرانی، راوێژکاری کاروباری سیاسی و دیپلۆماسی لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەریم، ڕایگەیاند، بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێم و شاندی یاوەری، لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس، نیشانەی گرنگیی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانە لە کایە نێودەوڵەتییەکاندا.
دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەم 2026، سامان سۆرانی بە کوردستان24ـی گوت: هەرێمی کوردستان وەکوو کاراکتەرێکی دەوڵەتی لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ، بەشداریی ئەو کۆڕبەندە جیهانییە دەکات. ئێستا کە ماڵی کوردستان لە داڤۆس دامەزراوە، وەک پێگەیەکی کارا بۆ ناساندنی کار و چالاکییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆڵ دەبینێت.
راوێژکاری کاروباری سیاسی و دیپلۆماسی لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم، جەختی کردەوە لەوەی "هەنگاوە گرنگەکانی حکوومەتی هەرێم لە ماوەی ڕابردووەدا وەک بە دیجیتاڵکردنی کەرتەکان، پرۆژەی ڕووناکی، بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری، متمانەی وەبەرهێنەرانی بیانیی بەرانبەر هەرێم زیاتر کردووە. دیارە متمانەش کۆڵەکەیەکی بنەڕەتییە بۆ بەرهەمهێنان."
سامان سۆرانی، گوتیشی: کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس، هەلێکی گەورەیە بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێم پەیوەندییەکانی خۆی لە بوارە جیاکاندا لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا پەرە پێ بدات و پەیوەندیی نوێ دروست بکات. چونکە ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆک و سەرکردە جیهانییەکان بەشداریی تێدا دەکەن.