سوپای ئوردن چەند باڵۆنێکی ماددەی هۆشبەری خستەخوارەوە
فەرماندەیی سەربازی دەڤەری رۆژهەڵات لە سوپای ئوردن، لەسەر سنوورەکانی ئەو وڵاتە رێگری لە هەوڵێکی بە قاچاغ ئاودیوکردنی بڕێکی زۆر لە ماددە هۆشبەرەکانی لە رێگەی باڵۆنەوە شکست پێهێنا.
رۆژی دووشەممە 19ی کانوونی دووەمی 2026 سوپای ئوردن راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تیایدا هاتووە: قاچاغچییەکان پەنایان بۆ شێوازێکی نوێ بردووە و هەوڵیانداوە ماددە هۆشبەرەکانیان لە رێگەی باڵۆنەوە، کە بە ئامێری ئەلیکترۆنیی پێشکەوتوو کۆنتڕۆڵکرابوون، لە سنوور ئاودیویان بکەن، بەڵام یەکەکانی پاسەوانی سنوور بە وردی چاودێری جووڵەی باڵۆنەکانیان کردووە و دواتر لەناو خاکی ئوردن خستوویانەتە خوارەوە و دەستیان بەسەر بارەکەدا گرتووە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ئەنجامدراوە. سوپای ئوردن جەختی کردەوە کە تەواوی ماددە هۆشبەرەکان دەستیان بەسەرداگیراوە و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بەرانبەر بە تۆمەتباراندا بگیرێتەبەر.
ئەم راگەیەندراوەی سوپای ئوردن لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی دوو هەوڵی دیکەی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە رێگەی باڵۆنی ئاراستەکراوەوە پووچەڵ کرانەوە و توانرا بارەکان بخرێنە خوارەوە. هەروەها لە سەرەتای ئەم مانگەدا، هێزەکانی سوپای ئەو وڵاتە توانیویانە چوار هەوڵی دیکەی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر پووچەڵ بکەنەوە.