تورکیا: چاودێری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا دەکەین
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، رایگەیاند، سەقامگیری بەردەوام لە سووریام پەیوەستە بە دەستەبەرکردنی مافی هەموو نەتەوە و ئاینییەکان لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوونی یەکسان.
دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2026، بورهانەدین دوران، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رایگەیاند، رێککەوتنی ئاگربەست و یەکخستنەوەی سووریا هەنگاوێکی گرنگە بۆ دامەزراندنی "ناوچەیەکی دوور لە تیرۆر".
دوران لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای تورکیا "ئینسۆشیال" نووسیویەتی، تورکیا لە نزیکەوە چاودێری جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنەکە دەکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی لەم رۆژانە لە سووریا ڕوویدا رێکەوت نییە، بەڵکو رەنگدانەوەی ئەو بنەما و هۆشداریانەیە کە ساڵانێکە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا داویەتی.
دوران دەشڵێت، رێگای سەقامگیری هەمیشەیی سووریا لە دەستەبەرکردنی مافی هەموو نەتەوە و ئاینیەکانە لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوونی یەکسان.
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، سووریایەک کە یەکپارچەیی خاکی خۆی بپارێزێت و لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان پاک بکرێتەوە، کلیلی ئاشتی ناوچەکەیە، بۆیە هەنگاوەکانی ئیدارەی سووریا و ئەو هەوڵانەی کە دەیخاتە ڕوو، چارەنووسسازە.
دوران ئاماژەی بەوەشکردووە، "تورکیا یاریزانێکی بەهێزە لەسەر زەوی و کاریگەرە لەسەر مێزی دانوستان". جەختیشی لەوەش کردووەتەوە،"یەکپارچەیی خاک و سەروەری سووریا بۆ تورکیا پێویستیەکی حەتمییە".
ڕوونیشیکردەوە، "تورکیا وڵاتێکە ئاشتی وەک پرەنسیپ و سەقامگیریی وەردەگرێت و ئاسایشی دراوسێی خۆی لە ئاسایشی خۆی جیاناکاتەوە".
قسەکانی بورهانەدین دوران، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، دوای رێککەوتنی نوێی نێوان حکوومەتی سووریا و هەسەدە دێت کە 14 خاڵ لەخۆ دەگرێت.
وردەکاریی 14 خاڵە سەرەکییەکەی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات
دۆسیەی سەربازی و ئەمنی
ئاگربەستی گشتگیر: راگەیاندنی ئاگربەستی دەستبەجێ و هەمەلایەنە لە سەرجەم بەرەکانی شەڕ و خاڵەکانی بەریەککەوتنی نێوان هێزەکانی سوپا و هەسەدە.
تێکەڵکردنی هێزەکان: گواستنەوەی سەرجەم هێزەکانی "هەسەدە" بۆ سەر پەیکەری وەزارەتی بەرگریی سووریا. پڕۆسەکە بە شێوەی "تاکەکەسی" و دوای ئەنجامدانی وردبینیی ئەمنی بۆ هەر چەکدارێک جێبەجێ دەکرێت، لەگەڵ گەرەنتیکردنی پاراستنی تایبەتمەندێتیی ناوچە کوردییەکان.
دۆسیەی کۆبانی: نەهێشتنی چەکی قورس لە شاری کۆبانی و پێکهێنانی هێزێکی ئەمنیی خۆجێیی بۆ شارەکە کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا بێت.
دەرکردنی پەکەکە: هێزەکانی سووریای دیموکرات پابەند دەبن بە دەرکردنی سەرجەم چەکدار و ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) بۆ دەرەوەی سنوورەکانی سووریا.
شەڕی داعش: دەوڵەتی سووریا پابەند دەبێت بە بەردەوامبوون لە ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش.
دەرکردنی پاشماوەکانی ئەسەد: سەرکردایەتیی هەسەدە پابەند دەبێت بەوەی پاشماوەکانی ڕژێمی لەناوچوو (النظام البائد) نەخاتە ڕیزەکانییەوە و لیستێک بە ناوی ئەو ئەفسەرانەی ڕژێمی لەناوچوو کە لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریان ڕادەست بکات.
دۆسیەی کارگێڕی و حوکمڕانی
ڕادەستکردنەوەی ناوچەکان: ڕادەستکردنەوەی تەواوەتیی هەردوو پارێزگای دێرەزوور و ڕەققە بە حکوومەتی سووریا (چ لە ڕووی کارگێڕی و چ لە ڕووی سەربازییەوە) بە شێوەیەکی دەستبەجێ.
دامەزراوەکانی حەسەکە: تێکەڵکردنەوەی سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکانی پارێزگای حەسەکە لە چوارچێوەی دامودەزگاکانی دەوڵەتی سووریادا.
دانانی پارێزگار: دەرکردنی مەرسوومێکی سەرۆکایەتی بۆ دەستنیشانکردنی پارێزگارێکی نوێ بۆ پارێزگای حەسەکە.
دامەزراندن: پەسەندکردنی لیستێکی ناوی پاڵێوراوانی "هەسەدە" بۆ ئەوەی لە پۆست و پلە جیاوازەکانی دەوڵەتی سووریادا دامەزرێن.
چارەکردنی دۆسیەی بێ ناسنامەکان: پێشوازیکردن لە مەرسوومی سەرۆکایەتیی ژمارە 13ی ساڵی 2026 کە دەقەکەی دان بە مافە ڕۆشنبیری و زمانییەکانی کورددا دەنێت، هەروەها چارەکردنی دۆسیە یاسایی و مەدەنییەکانی تایبەت بە بێ ناسنامەکان و گەڕاندنەوەی مافە زەوتکراوەکانی دەیان ساڵی ڕابردوو.
دۆسیەی ئابووری و مرۆیی
سەرچاوەکانی وزە: ڕادەستکردنەوەی تەواوی کێڵگە نەوتییەکان بە حکوومەتی سووریا.
زیندانیانی داعش: دۆسیەی بەڕێوەبردنی زیندانەکان و کەمپی خێزانەکانی داعش دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی سووریاوە.
گەڕانەوەی ئاوارەکان: کارکردن لەسەر لێکتێگەیشتن و ڕێکارەکان بۆ زەمینەخۆشکردن بە مەبەستی گەڕانەوەی ئاوارە و کۆچبەران بۆ هەردوو ناوچەی عەفرین و گەڕەکی شێخ مەقسوود.