هەسەدە: لە رەققە گرووپە چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر بەندیخانەی ئەقتان
هەسەدە رایگەیاند؛ لە رەققە گرووپە چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر بەندیخانەی ئەقتان.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا هێرشێکیان کردووەتە سەر بەندیخانەی "ئەقتان" لە شاری رەققە.
هەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە، لەو هێرشەدا گرووپە چەکدارەکان درۆن و چەکی قورسیان بەکارهێناوە، بەڵام هێزەکانیان رووبەڕوویان بوونەتەوە و توانیویانە هێرشەکە تێکبشکێنن و بەرپەرچی چەکدارەکان بدەنەوە.
زیاتر لە هەفتەیەکە سوپای عەرەبیی سووریا بە فەرمانی ئەحمەد شەرع، هێرشی سەربازییان بۆ سەر هەر دوو گەڕەکی کوردی؛ "ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوود" لە حەلەب و چەند ناوچەیەکی کوردنشین دەست پێکردووە. هەروەها سوپای عەرەبی سووریا دەستی بەسەر شاری ڕەققە و رۆژئاوای فورات و بەنداوی تشریندا گرتووە.
سوپای عەرەبیی سووریا، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بە چەکی قورس و بە تانک، بۆردومانی دانیشتووان و خەڵکی مەدەنی دەکەن، بەمەش نزیکەی 190 هەزار هاووڵاتیی ئاوارە بوون، لە ئەنجامی بۆردومانە بەردەوامەکانی سوپای عەرەبی سووریا، تا ئێستا زیاتر لە 30 هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە 100ـی دیکەش بریندار بوونە.