سێ کاندید بۆ پۆستی پارێزگاری حەسەکە دیاری کراون؛ مەزڵووم عەبدی دیارترینیانە

مەزڵووم عەبدی
مەزڵووم عەبدی

پارێزگارێکی کورد بۆ حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان هەڵدەبژێردرێت و مەزڵووم عەبدیش یەکێکە لە کاندیدان. 

ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ـی راگەیاند، چەند رۆژێکە کار لەسەر دەستنیشانکردنی پارێزگارێکی نوێ بۆ حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دەکرێت. 

بە گوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24، کاندیدانی پۆستەکە بریتین لە:

- مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).

- د. فەرید سەعدوون، ئەکادیمیست و مامۆستای زانکۆ. 

- سەڵاح بەدرەدین، سیاسەتمەداری کورد. 

 

ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند، ئەو کورسیانەی پەرلەمان کە پشکی پارێزگای حەسەکەن دیاری دەکرێن و مانگی داهاتوو (شوبات) حکوومەتێکی نوێ لە سووریا پێکدەهێنرێت کە کورد ژمارەیەک پۆستی تێدا وەردەگرێت.

کوردستان24 زانیویەتی، لە حکوومەتی داهاتووی سووریادا ئەم سێ پۆستەیە بە کورد دەردرێن:

1. وەزیری پەروەردە یان خوێندنی باڵا.

2.  یاریدەدەری وەزیری ناوخۆ.

3. یاریدەدەری وەزیری بەرگری.

 

رێککەوتنەکەی 18ـی کانوونی دووەم

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی سووریای دیموکرات  (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا لەبارەی ڕاگرتنی شەڕ و ڕاگەیاندنی ئاگربەستی سەرتاسەری گەیشتنە ڕێککەوتن. 

رێککەوتنەکە، دوای چەند رۆژێک لە پێکدادانی تووند هات کە تێیدا هێزەکانی حکوومەت بە پشتیوانیی چەکدارانی هۆزە عەرەبەکان، چەند ناوچەیەکی ستراتیژییان کۆنترۆڵ کرد، لەوانە شاری تەبقە، بەنداوی فورات، کێڵگە نەوتییەکان و بەشێک لە پارێزگاکانی رەققە و دێرەزوور لە رۆژئاوای رووباری فورات.

دەقی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە:

یەکەم: ئاگربەستێکی دەستبەجێ و گشتگیر لە هەموو بەرەکان و هێڵەکانی بەریەککەوتن لەنێوان هێزەکانی حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لەگەڵ کشانەوەی هەموو پێکهاتە سەربازییەکانی هەسەدە بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ دووبارە بڵاوبوونەوە.

دووەم: ڕادەستکردنی تەواوەتی و دەستبەجێی دۆسیەی کارگێڕی و سەربازیی پارێزگاکانی دێرەزوور و ڕەققە بۆ حکوومەتی سووریا. ئەمە گواستنەوەی هەموو دامەزراوە و بنکە مەدەنییەکان دەگرێتەوە، لەگەڵ دەرکردنی دەستبەجێی مەرسوومەکان بۆ جێگیرکردنی فەرمانبەرانی ئێستا لەنێو وەزارەتە پسپۆڕەکانی دەوڵەتی سووریادا.

سێیەم: تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنییەکان لە پارێزگای حەسەکە لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا و پێکهاتە کارگێڕییەکانی.

چوارەم: حکومەتی سووریا کۆنتڕۆڵی هەموو دەروازە سنوورییەکان، کێڵگە نەوتییەکان و کێڵگەکانی گاز لە ناوچەکەدا دەکات، کە پاراستنیان لەلایەن هێزە ڕێکخراوەکانەوە دابین دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە گەڕانەوەی سەرچاوەکان بۆ دەوڵەتی سووریا، لەگەڵ ڕەچاوکردنی بارودۆخی تایبەتی ناوچە کوردییەکان.

پێنجەم: تێکەڵکردنی تەواوەتیی هەموو کارمەندانی سەربازی و ئەمنیی هەسەدە لەنێو پێکهاتەکانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سووریا لەسەر بنەمای "تاکەکەسی" لە دوای وردبینیی ئەمنیی پێویست، لەگەڵ پێدانی پلەی سەربازی، شایستە داراییەکان و پێداویستییە لۆجستییەکان.

شەشەم: سەرکردایەتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پابەند دەبێت بە دوورکەوتنەوە لە گرتنەخۆی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو لەنێو ڕیزەکانی خۆیدا و، دابینکردنی لیستی ناوی ئەو ئەفسەرانەی لە پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوون و لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا هەن.

حەوتەم: دەرکردنی مەرسوومێکی سەرۆکایەتی بۆ دامەزراندنی بەربژێرێک بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری حەسەکە، وەک دڵنیاییەک بۆ بەشداریی سیاسی و نوێنەرایەتیی نێوخۆیی.

هەشتەم: نەهێشتنی بوونی سەربازیی قورس لە شاری کۆبانی و پێکهێنانی هێزێکی ئەمنی لە دانیشتووانی شارەکە، لەگەڵ هێشتنەوەی هێزێکی پۆلیسی ناوخۆیی کە لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا بێت.

نۆیەم: تێکەڵکردنی ئەو ئیدارەیەی بەرپرسە لە دۆسیەی زیندانیانی داعش و کەمپەکان، هەروەها ئەو هێزانەی بەرپرسن لە پاراستنی ئەم شوێنانە لەگەڵ حکومەتی سووریا، بە جۆرێک حکومەتی سووریا بەرپرسیارێتیی تەواوەتیی یاسایی و ئەمنی بەرامبەریان بگرێتە ئەستۆ.

دەیەم: پەسندکردنی لیستی ئەو بەربژێرانەی لەلایەن سەرکردایەتیی هەسەدەوە پێشکێش دەکرێن بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاکانی سەربازی، ئەمنی و مەدەنی لەنێو پێکهاتەی دەوڵەتی ناوەندیدا بۆ دڵنیابوونەوە لە هاوبەشیی نیشتمانی.

یازدەیەم: پێشوازیکردن لە مەرسوومی سەرۆکایەتی ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٢٦، کە دان بە مافی کولتوور و زمانی کوردیدا دەنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەست بە مافەکان و پرسە مەدەنییەکان - لەوانە کێشەی کەسانی تۆمارنەکراو/بێ ڕەگەزنامە و داواکارییەکانی مافی خاوەندارێتیی کەڵەکەبووی دەیەکانی ڕابردوو.

دوازدەیەم: هەسەدە پابەند دەبێت بە دەرکردنی هەموو سەرکردە و ئەندامە ناسوورییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ دەرەوەی سنوورەکانی کۆماری عەرەبیی سووریا بۆ دڵنیابوونەوە لە سەروەری و سەقامگیریی ناوچەیی.

سێزدەیەم: دەوڵەتی سووریا پابەند دەبێت بە بەردەوامبوون لە جەنگی دژی تیرۆر (داعش) وەک ئەندامێکی کارای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بۆ دڵنیابوونەوە لە تەناهی و سەقامگیریی ناوچەکە.

چواردەیەم: کارکردن بەرەو لێکتێگەیشتنەکان سەبارەت بە گەڕانەوەی ئارامی و شکۆمەندانەی دانیشتووانی ناوچەکانی عەفرین و شێخ مەقسوود بۆ سەر ماڵ و حاڵیان.