وەزارەتی کارەبا: گرفتێک لە تۆڕی کارەبادا دروست بووە و لە چەند کاتژمێرێکدا چارەسەر دەکرێت
کێشەیەکی تەکنیکی لە هێڵەکانی گواستنەوەی گازدا بووەتە هۆی پچڕانی کارەبا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە هێڵەکانی گواستنەوەی گازی سرووشتی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، کێشەی پچڕانی کارەبا لە بەشێک لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی دروست بووە."
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم کێشە تەکنیکییە کاریگەری کاتی لەسەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی دەبێت و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان.
وەزارەتی کارەبا دڵنیایی داوە، تیمەکانیان دەستیان بە کارکردن کردووە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دۆخی کارەبا ئاسایی ببێتەوە.
کەرتی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە وێستگە غازییەکان دەبەستێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵیداوە بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی فراوانکردنی وێستگەکان و دانانی یەکەی نوێی بەرهەمهێنان، وەک فراوانکردنی وێستگەی بازیان.
پێشتریش چەندین جار کێشەی تەکنیکی هاوشێوە لە پڕۆسەی گواستنەوەی گازی شل بۆ وێستگەکان ڕوویانداوە، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کاتەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی.