هەسەدە: شەڕی قورس لە دەوروبەری زیندانی "شەدادی" بەردەوامە
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' رایگەیاند، "دەوروبەری زیندانی شەدادی، کە هەزاران ئەندامی داعش لەخۆدەگرێت، ڕووبەڕووی هێرشێکی گرووپە چەکدارەکان بووەتەوە و پێکدادانی قورس لەنێوان هێزەکانمان کە ئەرکی پاراستنی زیندانەکەیان لە ئەستۆیە و هێرشکاران لە ئارادایە."
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی ئەمنی هەستیاردا تێدەپەڕێت و هێزەکانی سووریای دیموکرات لە چەندین بەرەوە ڕووبەڕووی فشار و هێرشی جۆراوجۆر بوونەتەوە.
زیندانی شەدادی، هاوشێوەی زیندانی (غوێران)، یەکێکە لەو دوو ناوەندە سەرەکییەی کە زۆرترین ژمارەی چەکدارانی داعشی تێدا بەندکراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەم دوو زیندانەدا بە گشتی نزیکەی 10 هەزار چەکداری داعش هەبوون، کە زیندانی شەدادی بە تەنها لە نێوان 3 هەزار بۆ 5 هەزار زیندانیی لەخۆگرتووە. ئەم زیندانیانە لە هەردوو ڕەگەزی عێراقی و سووری و هەروەها نزیکەی 2 هەزار بیانی لەخۆدەگرن کە لە 58 وڵاتی جیاوازەوە هاتوون.
هەسەدە و هاوپەیمانان بەردەوام هۆشدارییان داوە لەبارەی قورسایی بەڕێوەبردنی ئەم زیندانانە و داوایان لە وڵاتان کردووە هاوڵاتییە دەستگیرکراوەکانیان بگەڕێننەوە، بەڵام وەڵامدانەوەیەکی کەمیان وەرگرتووە. لە ئێستادا کە ناوچەکە ڕووبەڕووی نائارامی زیاتر بووەتەوە، مەترسییەکان لەسەر ئەم زیندانانە چەند هێندە بوون.