سبەینێ لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی گەرمیان پشووی فەرمییە

بەهۆی ئەو شەپۆلە سەرمایەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە، پەروەردەی گەرمیان بڕیاریدا سبەینێ سێشەممە (20ی 1ی 2026) لە سەرجەم قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندنی سنوورەکە پشووی فەرمی بێت.

دووشەممە 19ی کانوونی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیان ڕایگەیاند، بەهۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما و بۆ پاراستنی سەلامەتیی خوێندکاران، سبەینێ سێشەممە دەکرێتە پشوو.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پاڵپشت بە پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێم، پلەکانی گەرما لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، بەتایبەت لە ناحیەکانی مەیدان و شێخ تەویل و بەشێک لە گوندەکانی سنوورەکە زۆر دادەبەزن.

پەروەردەی گەرمیان ڕوونی کردووەتەوە، دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، بڕیاردراوە سبەینێ سێشەممە 20ی کانوونی دووەمی 2026 لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنووری ئیدارەکە بکرێتە پشوو.