شەرع بۆ ترەمپ: ناچمە نێو حەسەکە
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەلمۆنیتەر، دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی مسۆگەری لە سەرۆکی سووریا وەرگرتووە کە هێزەکانیان نەچنە ناو شاری حەسەکە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە گفتوگۆکانی نێوان مەزڵووم کۆبانێ و ئەحمەد شەرع بەهۆی مەرجی تەسلیمبوونی تەواوەتیی کوردەوە، گەیشتوونەتە بنبەست و شکست دەهێنن.
ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر لە زاری سەرچاوەی باڵاوە ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی لە سەرۆکی سووریا وەرگرتووە کە هێزەکانیان نەچنە ناو شاری حەسەکەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کۆبوونەوەی نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع بەبێ ئەنجام کۆتایی هات، هاوکات بەرپرسێکی کورد دەڵێت دیمەشق داوای تەسلیمبوونی تەواوەتی دەکات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەحمەد شەرع، ترەمپ داوای کردووە توندوتیژییەکانی نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆتاییان پێ بێت.
سەرچاوەکان بە ئەلمۆنیتەریان ڕاگەیاندووە، سەرەڕای پێشڕەوییەکانی سوپای عەرەبی سووریا بۆ نزیک شاری حەسەکە، ترەمپ بەڵێنێکی مسۆگەری لە شەرع وەرگرتووە کە هێزەکانیان نەچنە ناو شارەکەوە.
ئەلمۆنیتەر باسی لەوەش کردووە، پەیوەندییەکە دوای کۆبوونەوەی ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی، هات بۆ کۆتاییهێنان بە ڕێککەوتنی ئاگربەست، بەڵام بەپێی زانیارییەکان کۆبوونەوەکە بە باشی بەڕێوە نەچووە.
فۆزا یوسف، بەرپرسی باڵای کورد بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە: کۆبوونەوەکە هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی نەبووە، دیمەشق داوای تەسلیمبوونی تەواوەتیی کورد دەکات.
سەرچاوەکانی ئەلمۆنیتەر دەڵێن، شەرع لە کۆبوونەوەکەدا مەرجی نوێی سەپاندووە، لەوانە ڕادەستکردنی کۆنترۆڵی شاری حەسەکە، بەڵام مەزڵووم عەبدی ڕەتی کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە دەقی ئاگربەستەکە ڕۆژی یەکشەممە واژۆ کراوە کە مەزلووم کۆبانێ بە شێوەی ئۆنلاین واژۆی کردبوو و سازشی زیاتر قبووڵ ناکەن.
دووشەممە، 19ی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بە تەلەفۆن قسەی کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمیی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، هەردوو سەرۆک جەختیان لە گرنگیی پاراستنی یەکپارچەیی خاک و سەربەخۆیی سووریا کردەوە و پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ ئەو هەوڵانە دەربڕی کە ئامانجیان بەدیهێنانی سەقامگیرییە لە وڵاتەکەدا.
یەکێک لە تەوەرە هەرە گرنگەکانی گفتوگۆکە، تایبەت بوو بە پرسی کورد لە سووریا. لەم بارەیەوە، هەردوو لا جەختیان کردەوە لەسەر "پێویستیی مسۆگەرکردنی مافەکان و پاراستنی گەلی کورد، لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، هەردوو سەرۆک ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامیدان بە هەماهەنگییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی "داعش" و کۆتاییهێنان بەو هەڕەشانەی تیرۆر دروستی دەکات.
هەروەها ترەمپ و شەرع، خواستی هاوبەشی خۆیان بۆ بینینی "سووریایەکی بەهێز و یەکگرتوو" دەربڕی، کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی هەبێت.
لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ لەسەر ژمارەیەک دۆسیەی هەرێمی کرا، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی پێدانی دەرفەتێکی نوێ بە سووریا بۆ ئەوەی بەرەو ئاییندەیەکی باشتر هەنگاو بنێت.