ئەنەکەسە هۆشداری لە گرژییە سەربازییەکانی حەسەکە و کۆبانێ دەدات

ئەنەکەسە
ئەنەکەسە

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، لە بەیاننامەیەکی بەپەلەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 20 کانوونی دووەمی 2026 بڵاویکردەوە، نیگەرانیی قووڵی خۆی لە هەمبەر پەرەسەندنی مەترسیداری بارودۆخی سەربازی لە دەوروبەری شاری حەسەکە و ناوچە کوردییەکانی دیکە دەربڕی. 

ئەنجوومەنەکە هۆشداری دەدات کە ئەم جووڵە سەربازییانە هەڕەشە لە ئاسایشی مەدەنییەکان دەکەن و ناوچەکە بەرەو قۆناغێکی نوێی شەڕ و وێرانکاری دەبەن.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، سەپاندنی ئەمری واقیع بە هێزی چەک لە ناوچە کوردییەکان، تەنها دەبێتە هۆی فراوانبوونی بازنەی گرژییەکان و دروستکردنی ناڕەزایەتییەکی توندی جەماوەری، ئەمەش ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە.

 ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد جەخت دەکاتەوە لەوەی لۆژیکی چەک ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی چارەسەری سیاسی و هیچ ماف و ئاسایشێکی بەردەوامیش بۆ پێکهاتەکان دابین ناکات.

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد ڕایدەگەیەنێت، هەر جۆرە تێگەیشتن و ڕێککەوتنێک سەبارەت بە داهاتووی ناوچە کوردییەکان، نابێت تەنیا لە چوارچێوەی ئەمنی و سەربازیدا بێت، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای پڕۆسەیەکی سیاسیی ڕوون بێت کە مافە نەتەوەییە ڕەواکانی گەلی کورد لە دەستووردا گەرەنتی بکات و شەراکەتێکی نەتەوەیی ڕاستەقینە لە سووریایەکی دیموکرات و فرەییدا بێتە کایەوە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، ئەنەکەسە داوای بەپەلە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و سیاسیی خۆیان هەڵبگرن بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری شەڕ. هەروەها داوا دەکات بە زووترین کات گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ هەڵبگیرێت و ئاو و کارەبا بۆ دانیشتووانەکەی دابین بکرێتەوە، تاوەکو زەوینە بۆ گفتوگۆیەکی سیاسیی جدی بڕەخسێت کە ناوچەکە لە خوێنڕشتنی زیاتر بپارێزێت.

ئەم بەیاننامەیەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە کاتێکدایە کە ناوچە کوردییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی هێرش و گۆڕانکاریی مەیدانی بوونەتەوە، ئەمەش وای کردووە لایەنە سیاسییە کوردییەکان داوای یەکڕیزی و دەستوەردانی نێودەوڵەتی بکەن بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە ئاوارەبوونێکی نوێی دانیشتووانی ناوچەکە.