گرفت و ناكۆكییەكانی دانووستانی حكومەتی ھەرێم و بەغدا بەچی گەیشت؟

"حکومەتی کازمی کار بە سیاسەتێکی ھەڵەی ئابووری دەکات"
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

نزیکەی ھەفتەیەکە شاندێکی باڵای حکومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی سەردانی بەغدایان کردووە بە مەبەستی چارەسەکردنی کێشە داراییەکان و زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە لەگەڵ شاندێکی دانوستکاری حکومەتی عێراق و سەرکردەی چەند لایەنێکی شیعە، شاندەکەی حکومەتی ھەرێم لە تەواوی کۆبوونەوەکانیان جەختیان لەوە کردوەتەوە، پابەندی برگەکانی ئەو ماددەیە دەبن، کە تایبەتە بە پشکی ھەرێم لە پرۆژە یاسایی قەرز و پڕکردنەوەی کورتھێنانی بودجەی 2020 بەو مەرجەی حکومەتی عێراقیش پابەندی ناردنی پشکی ھەرێم و مووچەی فەرمانبەران بێت.

شاندی باڵای حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی شەش رۆژی پر گفتوگۆی بەڕێکرد لەگەڵ شاندی دانوستکاری حکومەتی عێراقی لە بەغدا، بە مەبەستی دۆزینەوەی ئاسۆی چارەسەری کێشە داراییەکانی نێوانیان، پرسی یاسایی قەرزکردن بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی بوودجەی 2020 و پرۆژە بوودجەی 2021ی عێراق، لە پێشینەی دانوستانەکانیان بوو، شاندەکەی ھەرێم ھەر لە سەرەتاوە ھێڵی سووری لە سەر یاسایی قەرزکردن نەھێشتەوە و پابەندی خۆی بە تەواوی بڕگەکانی ئەو مادەیە نیشاندا، کە باس لە پشکی ھەرێم دەکات، حکومەتی عێراقیش ئەمەی بە ھەل زانی و سەقفی داواکاریەکانی بەرزکردەوە.

عه‌بدولڕه‌حمان جەزائری، شرۆڤەکاری ئابووری، رەخنە لە حکومەتی عێراقی گرت بەوەی مامەڵەی دارایی تەندرووست لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ناکات و گوتی: "دۆسیەی دارایی لە عێراق مامەڵەی تەندرووستی لەگەڵ ناکرێت، راستیەکان لە کۆبوونەوەکان خراونەتە روو؛ بەڵام لە ئەو کۆبوونەوانە نەیانتوانی بگەن بە ئەنجامێک تا رێکبکەون و شایستە داراییەکانی ھەرێم و مووچەی فەرمانبەران خەرج بکەن، چونکە بەڕاستی حکومەتەکەی کازمی کار بە سیاسەتێکی ھەڵەی ئابووری دەکات بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان. ئەو سیاسەتەش کۆنە و بەو شێوە رەفتارانە سەرکەوتوو نابن. ھەروەھا ئێستا سیاسەتی ئابووریش گۆڕاوە تەنانەت لە ناو وەزارەتی دارایش ھەست بەو گۆڕانکاریە دەکرێت".

شاندەکەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەی لا روون بوو تاکو لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان رێک نەکەوێت ھەر گفتوگۆیەکی ئیداری و یاسایی لەگەڵ شاندی دانوستکاری حکومەتی عێراقی بێ سوودە؛ بۆیە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێک لە سەرکردە شیعەکان ئەنجامدا.

محمد حوسام، گوتەبێژی رەوتی حیکمە، ئەوە بە ھەڵە دەزانێت، کە پرسی دارایی و مووچەی فەرمانبەران بخرێتە نێو گەمەیەکی سیاسی و بۆ بانگەشەیی ھەڵبژاردن بەکار بھێنرێت و گوتی: "زمانی بایکۆتکردن، زمانی گوێنەگرتن بۆ بەرامبەر، زمانی پەراوێزخستنی یەکتر، ئەو زمانانە رەتکراوەن؛ چونکە ئەنجامی باشی نابێت و دەگەین بە کێشەی گەورە و تێکشكانی سیاسەت و تێکشکانی كۆمەڵگای عێراقی. بۆیە بە سیاسیکردنی دۆسیەی بوودجە و دارایی و سامانی گشتی و خرانە نێو وتاری بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ راکێشانی دەنگی خەڵک و زیادکردنی جەماوەر مەترسیەکی گەورەیە لە سەر عێراق".

لە دوا کۆبوونەوەکاندا شاندی دانوستانکاری حکومەتی عێراقی بە پێی یاسای قەرزکردن پێداگیریان لەوە کردووەتەوە، ھەرێمی کوردستان 460 ھەزار بەرمیلی نەوت رۆژانە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات لەگەڵ تەواوی داھاتە نانەوتیەکان. لە بەرامبەر بڕە پارەیەک، کە بەشی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ناکات. شاندەکەی حکومەتی ھەرێمیش لە وەڵامدا گوتویانە بە ھۆی گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکان دەتوانین 250 ھەزار بەرمیل نەوت رادەست بکەین  لەگەڵ %50 داھاتە نانەوتیەکان بە پێی ماددەی 14ی دەستوری عێراقی، ھەر بۆیە ئەم گفتوگۆیانەش ھێشتا بەردەوامی ھەیە.