هەسەدە: لە بەرەکانی کۆبانێ گرووپە چەکدارەکانمان ناچار بە کشانەوە کردووە
لە بەرەکانی شەڕ لە باشووری کۆبانێ، هەسەدە بەرپەرچی چەندان هێرشی گرووپە چەکدارەکانی دایەوە و زیانی گەورەی پێ گەیاندن.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانیان لە بەرەکانی باشووری کۆبانێ، بەرپەرچی چەندین هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشقیان داوەتەوە و زیانی گەورەیان پێگەیاندوون.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، لە کاتژمێر 3:00ـی بەرەبەیانەوە تا 6:00ـی بەیانی، لە میحوەری 'سرین'ـی باشووری کۆبانێ، دوو هەوڵی هێرشی یەک لەدوای یەک ئەنجام دراون، بەڵام هێزەکانیان "بە ئازایەتی و لێهاتووییەوە" بەرپەرچیان داونەتەوە. لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەکاندا، ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلی سەربازی و زرێپۆشی هێرشکاران تێکشکێنراون و سەرنشینەکانیان کوژراون.
هەسەدە ئەوەی خستووەتە ڕوو، هەروەها لە میحوەری 'ئەبو سرە'، گورز لە کاروانێکی سەربازیی ئەو گرووپانە وەشێنراوە و ناچار بە پاشەکشە کراون. هاوکات، هەوڵێکی دیکەی پێشڕەویان لە گوندی 'خان مامەد' لە باشووری رۆژهەڵاتی کۆبانێ تێکشکاندووە و دوای وەشاندنی "گورزی کوشندە"، ناچار بە کشانەوە کراون.
هەسەدە لە کۆتاییی ڕاگەیەنراوەکەدا جەختی کردووەتەوە، هێزەکانیان، بە هێزەکانی سووریای دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی ژنەوە (یەپەژە)، لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژییەک و بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە گەل و خاکەکەیان.