هەسەدە: گرووپە چەکدارەکان ئاویان لەسەر زیندانی ئەقتان بڕی
باوەڕ کوردۆ: سەرۆک بارزانی دۆخی رۆژئاوای کوردستانی لەڕووی دیپلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە لە ئەستۆ گرتووە
ناوەدنی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' رایگەیاند، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق ئاویان لەسەر زیندانی ئەقتان لە رەققە بڕیوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەدنی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، دوای ئەوەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق گەمارۆی زیندانی ئەقتانیان لە باکووری رەققە دا و تۆپبارانی باڵەخانە و دامەزراوەکانیان کرد، ئێستاش ئاویان لەسەر زیندانی ئەقتان بڕیوە، کە زیندانییانی داعشی تێدایە.
ئاماژەی بەوەشدا، بڕینی ئاو قەیرانێکی سەختی دروستکردووە، ئەمە جگە لەوەی کەمیی خۆراک و پێداویستی پزیشکی بە شێوەیەکی مەترسیدار دروست بووە، باسی لەوەشکردووە، ئەم کارانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆییە و ژیانی زیندانییەکان دەخاتە مەترسییەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئێمە دیمەشق بە تەواوی بەرپرسیار دەزانین لە هەر کاردانەوەیەکی مرۆیی یان ئەمنی کە لەوانەیە لە ئەنجامی ئەم کارەوە ڕووبدات، داواش لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی زیندانەکە.
باوەڕ کوردۆ: سەرۆک بارزانی دۆخی رۆژئاوای کوردستانی لەڕووی دیپلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە لە ئەستۆ گرتووە
باوەڕ کوردۆ، چالاکوانی مەدەنی لە قامشلۆ بە کوردستان24ـی راگەیاند، تاوەکو ئێستا ئەو مەترسییەی لەسەر حەسەکە و کۆبانێ هەیە لەسەر قامشلۆ نییە، گوتیشی: دۆخی قامشلۆ ئارامە، شەوی ڕابردوو خەڵکێکی زۆر هاتنە سەر شەقامەکان و ئامادەباشییان دەرخست بۆ بەرگریکردن لە گەڕەک و شاری خۆیان و گوندەکانیان، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هاووڵاتیان پێشوازییان لەو خێزانە ئاوارانە کرد کە لە تەبقە و ڕەققەوە هاتبوون و کورد بوون، پێشوازییان لێکردن و هاوکارییان کردن، لە قوتابخانە و مزگەوتەکان نیشتەجێیان کردن، دەشڵێت، ڕەوشیان زۆر خراپ و هەستیار بوو، لەبەرئەوەی زستانە و ئێستا پلەکانی گەرما دەگاتە ژێر سفر.
ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەشدا، دۆخی ئەو ئاوارانەی ڕوویان لەوان کردووە زۆر خراپ بووە، چونکە وەرزەکە زستانە و پلەی گەرمیش بۆ ژێر سفر دابەزیووە. دەسڵیت داوا لە کۆمەڵگەی نێوادەوڵەتی دەکەین هاوکارییمان بکات، چونکە سەدان خێزان ئاوارەبوونە، کە منداڵ و پیر و ئافرەتیان تێدایە.
لەبارەی دۆخی ئاوارەکان باوەڕ کوردۆ گوتی: ئەمڕۆ بازاڕی قامیشلۆ داخراوە وەک پشتیوانییەک لە شەڕڤانان، لە لایەکی ترەوە وەک دەربڕینی ئامادەباشییە دژی ئەو کلارانەی لە دژی شاری قامشلۆ یان حەسەکە دەکرێت.
باسی لەوەشکرد، شەوی ڕابردوو خەڵک چەکی خۆیان هەڵگرت و پشتیوانی خۆیان نیشاندا، بەبێ ئەوەی لایەنە سیاسییەکان پێیان بڵێن یان داوایان لێبکەن، ئەمەش وەک پشتیوانییەک بوو بۆ شارەکەی خۆیان و میللەتی خۆیان، ئەو دوکانانەیان داخست و هەڵوێستی خۆیان بەرانبەر ئەوەی دژی میللەتی کورد دەکرێت نیشاندا، ئەم مەترسییە بۆ هەموو جیهان دەرکەوتووە، بەڵام لە شاری قامشلۆ دەمانەوێت ئەوە دیار بێت کە وەک شاری حەسەکە نییە.
باوەڕ کوردۆ، ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە ڕێکخراوەکانی وەک دەزگای خێرخوازی بارزانی دەربازی شاری قامشلۆ و سەرانسەری رۆژئاوای کوردستان ببن. چونکە ئەو دەزگا خێرخوازییە گەورانە پێداویستی هاووڵاتیان دابین دەکەن، دەتوانین بڵێین سەدا 80ـی هاووڵاتیانی رۆژئاوای کوردستان لە دۆخێکی زۆر خراپدان. لەبەر ئەوە ئەوان ناتوانن بە تەنیان هاوکاریی ئەو ئاوارانە بکەن.
راشیگەیاند، خەڵکی ئێمە لە رۆژئاوای کوردستان بەتایبەت شاری قامشلۆ، بەڕاستی دڵیان تۆزێک ئاو دەخواتەوە چونکە ئەوان دەزانن پشتیوانییەکی وەک سەرۆکێکی گەورە، سەرۆک بارزانییان لەپشتە. چونکە سەرۆک بارزانی دۆخی رۆژئاوای کوردستانی لە ئەستۆ گرتووە لەڕووی دیپلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە. وەک لەم چەند ڕۆژەدا دەرکەوت، دۆخەکە دۆخی حزبێک یان لایەنێکی کوردستانی نییە، بەڵکو بووە بە دۆزی کورد لە سەرانسەری هەر چوار پارچەی کوردستان.