بێرنارد لێڤی: جارێکی دیکە رۆژئاوا خیانەتی لە گەلی کورد کرد
بێرنارد هێنری لێڤی بە توندی ڕەخنە لە هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرانبەر بە کورد دەگرێت و بە "خیانەت" ناوی دەبات، هاوکات ستایشی هەسەدە دەکات لە تێکشکاندنی داعش.
ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، بێرنارد هێنری لێڤی، فەیلەسووف و نووسەری دیاری فەرەنسی، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، وێنەیەکی خۆی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و چەند فەرماندەیەکی دیکە بڵاوکردەوە.
لێڤی لەسەر وێنەکە نووسیویەتی: "خیانەتکردن لە کورد لەلایەن ڕۆژئاواوە یەکێکە لە گۆڕانکارییە هەرە نائارامکەرەکانی سەردەمەکەمان."
فەیلەسووفە فەرەنسییەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، نابێت جیهان ڕۆڵی کورد لە شەڕی دژی تیرۆردا لەبیر بکات و دەڵێت: "هەرگیز لەبیر مەکەن کە شەڕڤانە قارەمانەکانی جەنەراڵ مەزڵووم، داعشیان تێکشکاند کاتێک داعش هەڕەشە بوو بۆ جیهان. هەروەها هەرگیز لەبیر مەکەن کە ئەوان پاسەوانیی ئەو زیندانانە دەکەن کە خراپترین تیرۆریستانی سەر زەوی تێیاندا گیراون."
The betrayal of the #Kurds by the West is one of the most disturbing shifts of our time. Never forget that General #Mazlum’s heroic fighters defeated #Daesh when Daesh threatened the world. Never forget too that they guard the prisons where the worst terrorists on earth are held pic.twitter.com/2gztZWXqvT
— Bernard-Henri Lévy (@BHL) January 20, 2026
ئەم پەیامەی بێرنارد هێنری لێڤی هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان و هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا بۆ سەر ناوچەکە.
بێرنارد هێنری لێڤی بە یەکێک لە دۆستە دێرینەکانی کورد ناسراوە و چەندین جار سەردانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە و لە ڕێگەی نووسین و فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکانییەوە، بەردەوام پاڵپشتیی خۆی بۆ دۆزی کورد دەربڕیوە.