ئۆرسۆلا ڤۆندێرڵاین: دەبێت سوود لە دەرفەت و گۆرانکارییەکان وەربگرین

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ڕایگەیاند؛ دەبێت سوود لە دەرفەت و گۆرانکارییەکان وەربگرین.

ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا، لە گوتارێکدا لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس، جەختی لە گرنگی دیالۆگ کردەوە لە جیهانێکی دابەشبوودا و ڕایگەیاند؛ ئەو ئالنگارییە جیۆپۆلیتیکییانەی ئێستا، دەرفەتێکی گرنگن بۆ ئەوەی ئەوروپا سەربەخۆیی ئابووریی و سیاسی خۆی بەهێزتر بکات.

ڤۆندێرلاین لە گوتارەکەیدا بەراوردێکی مێژوویی بۆ دۆخی ئێستا کرد و ئاماژەی بە "شۆکی نیکسۆن" کرد لە ساڵی 1971، کاتێک ئەمریکا بڕیاری دا مامەڵەی دۆلار بە زێڕ ڕابگرێت.

ڤۆندێرڵاین گوتی: "ئەو بڕیارە تەواوی ڕەگ و ڕیشەی ئابووری جیهانی هەژاند و قۆناغێکی تاریکی داتەپینی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام لە هەمان کاتدا بووە هۆی دروستبوونی سیستەمێکی نوێی جیهانی و وای کرد وڵاتانی ئەوروپا هەوڵی بەهێزکردنی ئابووری و سەربەخۆیی دراوەکانیان بدەن."

سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا باوەڕی خۆی نیشان دا ئەو شۆکە جیۆپۆلیتیکییانەی ئێستا جیهانی گرتووەتەوە، هەمان وانەی ڕابردوومان فێر دەکەن. گوتیشی: "ئەمڕۆ دەرفەتمان لەپێشە بۆ ئەوەی کارە ڕاستەکان بکەین، تاوەکو ئەوروپا باشتر لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێت و وردبینیمان بۆ داهاتوو هەبێت."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڤۆندێرلاین جەختی لەوە کردەوە؛ سەربەخۆیی لەم سەردەمەدا بایەخێکی بنەڕەتی هەیە. ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوروپا توانیویەتی کاردانەوەی خێرای هەبێت بەرامبەر گۆڕانکارییەکان، بەتایبەت لە بوارەکانی وزە، ماددە خاوەکان و بەرگریی دیجیتاڵیدا.

لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: "ئێمە بە خێرایی بەرەو پێش دەچین، بەڵام پێویستە دان بەو گۆڕانکارییانەدا بنێین و لە کۆبوونەوەکانماندا وەک واقیعێکی نوێ مامەڵەیان لەگەڵ بکەین بۆ ئەوەی بتوانین دەرفەتەکان بە باشترین شێوە بقۆزینەوە."