دەم پارتی کۆبوونەوەی هەفتانەی دەباتە سەر سنووری رۆژئاوای کوردستان
فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی لە باڵەخانەی پەرلەمانی تورکیاوە بۆ قەزای نوسێبینی سەر بە پارێزگای مێردین لە باکووری کوردستان دەگوازێتەوە.
ئەم هەنگاوە وەک ناڕەزایەتی و ئیدانەکردنی ئەو هێرشانە دێت حکوومەتی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەستیان پێکردووە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان.
بڕیارە کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، بە بەشداریی هاوسەرۆکانی پارتەکە، تولای هاتیمئۆغوڵاری و تونجەر باکرهان، لە نوسێبینی نزیک سنووری تورکیا و سووریا بەڕێوەبچێت.
دەم پارتی ڕایگەیاندووە، ئەم بڕیارە بەمەبەستی سەرنجڕاکێشانە بۆ سەر ئەو هێرشە بەردەوامانەی دەکرێنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان. چاوەڕوان دەکرێت هاوسەرۆکانی پارتەکە لە کۆبوونەوەکەدا پەیامێکی توند ئاراستەی دەسەڵاتداران بکەن و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان بکەن.
گواستنەوەی شوێنی کۆبوونەوەی دەم پارتی هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. لەم دواییانەدا، هێرشەکان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان چڕتر بوونەتەوە. حکوومەتی تورکیا بە بیانووی بوونی "چالاکیی تیرۆریستی"یەوە، بەردەوام هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەکات.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی (مەهەپە) و هاوپەیمانی ئەردۆغان، بە ئاشکرا داوای "پاکتاوکردن"ی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە.
ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 100 هەزار هاووڵاتیی کورد و زیانی گیانی و ماددیی زۆریان لێکەوتۆتەوە. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوە کردووە ژێرخانی ئابووری، وەک وێستگەکانی ئاو و کارەبا و نەخۆشخانەکان، کراونەتە ئامانج.
لە بەرانبەردا، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش نیگەرانیی خۆی لە پەرەسەندنی گرژییەکان دەربڕیوە. هەڵوێستی دەم پارتی وەک پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی لە تورکیا، فشارێکی سیاسیی ناوخۆیی دروست دەکات بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە و گەڕانەوە بۆ چارەسەری ئاشتییانە.